زیانه‌كانی ڕاگرتنی كێڵگه‌ی كۆرمۆر ڕۆژانه‌ چوار ملیۆن دۆلاره‌

‌

وێستگەنیوز- نێچیر کەمال

ڕاگرتنی به‌رهه‌مهێنان له‌ كێڵگه‌ی گازی كۆرمۆر له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی هێرشێكی درۆنییه‌وه‌، ڕۆژانه‌ زیاتر له‌ چوار ملیۆن دۆلار زیانی دارایی به‌رهه‌مهێنانی غاز، غازی ماڵان و كۆندێنسه‌یتی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌، هاوكات به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌بای هه‌رێمی توشی كێشه‌ و كورتهێنان كردوه‌.

روانگه‌ی ئیكۆ عێراق بۆ كاروباری ئابوری له‌راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ڕاگرتنی به‌رهه‌مهێنان له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر ڕۆژانه‌ زیاتر له‌ چوار ملیۆن و 150 هه‌زار دۆلار زیان ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی له‌ده‌ستدانی به‌رهه‌می غازی سروشتی، غازی شلی ماڵان و كۆندێنسه‌یتی نه‌وتی.

باسی له‌وه‌شكردوه‌ كێڵگه‌كه‌ ڕۆژانه‌ 700 ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی و هه‌زار و 400 ته‌ن غازی ماڵان، له‌گه‌ڵ 22 هه‌زار به‌رمیل كۆندێنسه‌یتی به‌رهه‌مده‌هێنا، كه‌ به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه‌ سه‌رجه‌میان په‌ككه‌وتون.

له‌لای خۆیه‌وه‌، ئومێد ئه‌حمه‌د وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاندوه‌، "هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ی كۆرمۆر بووه‌ته‌ هۆی ڕاگرتنی غاز بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با، بۆیه‌ په‌نا بۆ به‌گه‌ڕخستنی وێستگه‌ هایدرۆپاوه‌ره‌كانی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان ده‌به‌ین تاوه‌كو پچڕانی ته‌زوی كاره‌با كه‌مبكه‌ینه‌وه‌".

كێڵگه‌ی گازی كۆرمۆر ده‌كه‌وێته‌ شارۆچكه‌ی قادركه‌ره‌م له‌ قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ، له‌لایه‌ن كۆنسۆرسیۆمی پێڕڵ پێترۆلیۆم و دانه‌ غازه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، كه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی دابینكردنی سوته‌مه‌نییه‌ بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با، پێشتریش چه‌ندینجار له‌ڕێگه‌ی موشه‌ك و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ كراوه‌ته‌ ئامانجی هێرشی چه‌كداری.


PM:02:35:10/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 52 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو