سویسرا لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان هاتە دەنگ

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

وەزارەتی فیدراڵیی کاروباری دەرەوەی سویسرا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی نوێ خستەڕوو و رایگەیاند، بێرن لە نزیکەوە و بە وردی چاودێریی پێشهاتە و رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکات.


رۆژی سێشەممە 10-11-2026، میلانی گوگلمان، وتەبێژی وەزارەتی فیدراڵیی کاروباری دەرەوەی سویسرا بەمیدیای رووداوی راگەیاند: "سویسرا بە تەواوی ئاگاداری پێشهاتەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستانی عێراقە، بەتایبەت دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی نوێ"، وتەبێژەکە جەختی لەوەش کردەوە کە "دیموکراسی و دیالۆگ لە کارە لەپێشینەکانی سویسران و بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی پێشهاتە سیاسییەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان".

ئەم هەڵوێستەی وڵاتی سویسرا دوای ئەوە دێت، رۆژی چوارشەممە 04-11-2026، دوای زیاتر لە 2 ساڵ لە راگیرانی کارەکانی، پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار کۆبووەوە و بە زۆرینەی یاسایی (50+1) دەستەی سەرۆکایەتیی خولی شەشەمی هەڵبژارد.

لەو دانیشتنەدا کە بە سەرۆکایەتیی سەمیرە حەسەن وەک بەتەمەنترین ئەندام بەڕێوەچوو، بە دەنگی سەرجەم 52 پەرلەمانتارەکەی ناو هۆڵەکە دەستەی سەرۆکایەتی پەسەندکرا، کە پێکهاتبوون لە: د. ڤالا فەرید لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک سەرۆکی پەرلەمان، رامی نووری عودەیش پەرلەمانتاری کۆتای کریستیان وەک جێگری سەرۆک، لەگەڵ مونا نەبی قەهوەچی لە پارتی چاکسازیی تورکمانی وەک سکرتێری پەرلەمان.

رێژەی یاسایی دانیشتنەکە لە کۆی 100 کورسیی پەرلەمان لە رێگەی 39 پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، پەرلەمانتارێکی پارتی سۆسیال دیموکرات، 3 پەرلەمانتاری کۆتای کریستیان و تورکمان (جەیمس حەسدۆ، رامی نووری و مونا قەهوەچی)، هاوکات لەگەڵ 9 پەرلەمانتاری دیکە کە بە شێوەی سەربەخۆ چوونە هۆڵەکەوە، تەواو کرا.

بەشداریکردنی بەشێک لە پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکەدا گۆڕانکاریی لە ژمارەی کورسیی فراکسیۆنەکاندا دروستکرد؛ بەجۆرێک هەریەک لە هەردی سەڵاح، نیشتمان ناوپردانی و محەممەد فەیسەڵ کەریم خان لە فراکسیۆنی یەکێتی کشانەوە و بەشدار بوون، بەوەش کورسییەکانی یەکێتی لە 23 کورسییەوە بۆ 20 کورسی دابەزی. هەروەها شڤان سەعید، داریوش عەلی و خالید محەممەد لە جووڵانەوەی نەوەی نوێ جیابوونەوە و کورسییەکانی ئەو جووڵانەوەیە لە 15 کورسییەوە بووە 12 کورسی، بەمەش هاوپەیمانێتیی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ 15.38%ـی کورسییەکانی لەدەستدا. هاوکات دوو پەرلەمانتاری رەوتی هەڵوێست (سازگار فایەق و سارا موحسین) ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، کە دواتر رەوتەکە دەرکردنی ئەو دوو ئەندامەی لە ریزەکانی راگەیاند.

لە کاردانەوەی ئەو هەنگاوەشدا، مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و سوپاسی ئەو پەرلەمانتارانەی کرد کە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان بەجێگەیاندووە و ئاماژەی بەوە کرد: "کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکە بۆ پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم و دژی هیچ لایەنێک نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندیی باڵای گەل و پرۆسەی سیاسیدایە"، هەروەها داوای لە لایەنەکانی دیکەش کرد بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان. هاوکات فراکسیۆنی پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە بەم هەنگاوە رێز لە دەنگی خەڵک و دیموکراسی گیراوە و داوای کاری هاوبەشی لە لایەنەکان کرد.

لە بەرانبەردا، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و بە فەرمی بڕیاریدا دان بە دانیشتنەکەی پەرلەماندا نەنێت و لە حکومەتیش بکشێتەوە.


AM:11:50:10/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو