بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی 133 خوێندنگە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان نۆژەن دەکرێنەوە

‌

وێستگەنیوز-

بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، بودجەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەی سەرجەم ئەو خوێندنگانەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێویستیان بە چاککردن هەیە تەرخانکرا، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان و باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندن.


بەپێی راگەیەندراوێکی ئیدارەی گەرمیان، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان، کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتیی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بە ئامادەبوونی نوێنەری قوباد تاڵەبانی بەڕێوەچوو، کە تێیدا رێکارەکانی راگەیاندنی هەڵمەتی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگەکان و میکانیزمی دابینکردنی پێداویستییەکانیان خرایەڕوو.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی پەروەردەی گەرمیان، لە سنووری ئیدارەکەدا 133 خوێندنگە و قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و پڕۆسەکە بەم شێوازە دابەش دەبێت:

لە سنووری قەزاکانی کەلار، رزگاری و ناحیەکانیان: 90 خوێندنگە.
لە سنووری قەزای کفری: 38 خوێندنگە.

لە سنووری پەروەردەی خانەقین: 5 خوێندنگە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بە تەواوکردنی پرۆژەی 2 خوێندنگە لە ناحیەکانی کۆکس و سەرقەڵا کە زۆربەی کارەکانیان ئەنجامدراون. هاوکات جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی بە زووترین کات دەست بە کارەکانی نۆژەنکردنەوە لە سەرجەم ناوەندەکاندا بکرێت تا هیچ خوێندنگەیەک بە کێشەوە نەمێنێتەوە.


PM:02:29:09/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت