سەلاحەدین بەهائەدین: قەوارەی هەرێم لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە

‌

وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد

ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان هۆشداری لە دابەشبوونی دامەزراوەی پەرلەمان دەدات و دەڵێت، نەبوونی پەرلەمان باشترە لەوەی ببێتە مایەی لەتکردنی هەرێمی کوردستان.


ئەمرۆ دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، سەلاحەدین بەهائەدین لە لێدوانێکدا نیگەرانیی خۆی بەرامبەر پەرەسەندنی تەنگژە و گرژییە نوێیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد: ئومێد هەبوو دۆخەکە بەرەو باشتر بچێت؛ ئێمە هەوڵمان دا و کەسانی تر و دۆستانیش حەزیان دەکرد پارتی و یەکێتی پێکبێن، بەڵام دیارە جارێکی دیکە گرفت دروستبووەتەوە.

سەبارەت بە شێوازی کاراکردنەوە و دابەشبوونی دەنگەکان لە پەرلەماندا، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو وتی: ئەگەرچی پێکهێنانی پەرلەمان خواستی هەموولایەکمانە، بەڵام بەو شێوەیە نا کە لەت بکرێت و دابەش بکرێت؛ چونکە پەرلەمانێکی لەتبوو زۆر خراپە و نەبوونی باشترە لەوەی کە پارچە ببێت و ببێتە مایەی لەتکردنی هەرێم.

مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کوردستان دەبێت لە سەرووی هەموو ململانێیەکی حیزبییەوە بێت و ڕایگەیاند: قەوارەی هەرێم لە پێش هەموو شتێکەوەیە و پەرلەمانێکی یەکگرتووش لە هەموو شت گرنگترە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، داوای هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیی مێژوویی لە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار کرد و وتی: ئومێدەوارین دۆستان و دڵسۆزان خەم لەم دۆخە بخۆن، هاوکات پارتی و یەکێتیش موراجەعە بە بڕیارەکانیاندا بکەنەوە و بە زووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن.


PM:01:15:09/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت