وردەکاریی هێرشە درۆنییەکەی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر
وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد
شەوی ڕابردوو بە درۆن هێرشکرایە سەر بەشی بارکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ؛ وتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ 10 کاتژمێر کەم دەبێتەوە و لە نیوەڕۆوە قۆناغ بە قۆناغ ئاسایی دەبێتەوە.
کاتژمێر 11:03 خولەکی شەوی ڕابردوو 8ـی تشرینی دووەمی 2026، لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ.
هێرشەکە بە دیاریکراوی بەشی بارکردن و کۆکردنەوەی گازی پێکاوە و ئاگری لێکەوتووەتەوە، بەڵام بێجگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی بەدوادا نەبووە و بە پێی زانیارییەکان ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان سەبارەت بە لێکەوتەکانی هێرشەکە ڕایگەیاند: بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان، تا کاتی ئاساییبوونەوەی دۆخەکە ڕۆژانە تەنها نزیکەی 10 کاتژمێر کارەبا دەدرێت بە هاووڵاتییان.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەبەر ئەوەی بەرهەمهێنان لە خودی کێڵگەکەدا بەردەوامە و تەنها بەشی بارکردنەکە زیانی بەرکەوتووە و ئاگرەکەش کوژاوەتەوە، پێشبینی دەکرێت لە کاتی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە قۆناغ بە قۆناغ پرۆسەی هەناردەی گاز و دۆخی کارەبا بەرەو ئاساییبوونەوە بچێت.
لە کاردانەوەی هێرشەکەدا، ئەمڕۆ 9ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، عەلی زەیدی فەرمانی داوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هۆکار و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەی شەوی ڕابردوو کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر.
AM:09:01:09/11/2026
ئهم بابهته 412
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت