لە چەند رۆژی داهاتوودا 50 ملیۆن لیتر نەوتەکەی بەغدا دەگاتە هەرێمی کوردستان
وێستگەنیوز- ئارام عەلی
بەرپرسی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بەتایبەت بە وێستگەنیوزی رایگەیاند، ئەو
نەوتەی بڕیارە لە بەغداوە بنێردرێت و بڕەکەی 50 ملیۆن لیترە، لە چەند رۆژی ئایندەدا
دەگاتە هەرێمی کوردستان و بەسەر خێزانەکاندا دابەش دەکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، رێکارەکانی
هاتنی نەوتەکە هەموو ساڵێک بە هەمان شێواز بووە و دوای دەرچوونی بڕیاری ناردنی
لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە، پێویستی بە چەند رێوشوێنێکی کارگێڕی و تەکنیکی هەیە تا
دەگاتە ناوچەکە.
لە لایەکی ترەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند سەرەڕای هاتنی
وەرزی سەرما و واژۆکردنی بڕیارەکە لە بەغداوە، تا ئێستا هیچ بڕێک لەو نەوتە
نەگەیشتووەتە هەرێم، جەختیشی کردەوە کە پێداویستی گشتیی هەرێم بۆ نەوتی سپی نزیکەی280 ملیۆن لیترە، بەمەش ئەو 50ملیۆن لیترەی حکومەتی فیدراڵی تەنها 14 بۆ 15 لەسەدی کۆی پێداویستییەکانی
هاووڵاتییان لە وەرزی زستاندا پڕ دەکاتەوە.
ئەم وتانە لە کاتێکدایە، کە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە عەلی زەیدی، سەرۆک
وەزیرانی عێراق، بە فەرمی نووسراوی ناردنی ئەو 50 ملیۆن لیتر نەوتەی بۆ هەرێمی
کوردستان واژۆ کردووە، نەوتەکەش بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی، کە لیتری بە 250دینارە (واتە 50 هەزار دینار بۆ بەرمیلێکی 200 لتر بۆ هەر خێزانێک)، بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێ.
پشک و بڕی دابەشکردنی ئەو 50 ملیۆن لیترەش بەسەر پارێزگا و
ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوە دیاری کراوە:
- سلێمانی و
هەڵەبجە: 22 ملیۆن لیتر.
- هەولێر و سۆران:
18 ملیۆن و 200 بۆ 400 هەزار لیتر.
- دهۆک و زاخۆ:
دەوروبەری 10 ملیۆن لیتر.
PM:07:49:08/11/2026
ئهم بابهته 80
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت