عەلی حەمەساڵح: کوا سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی لافاو؟ کێ بەرپرسیارە لە قوربانی و زیانەکانی هەولێر؟
وێستگەنیوز- بابان عومەر
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست سەبارەت بە چارەنووسی پڕۆژەی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی لافاو لە هەولێر دەپرسێت: "کێ بەرپرسیارە لە قوربانی و زیانەکانی هەولێر؟".
عەلی حەمەساڵح لە هەژماری فەرمیی خۆی بڵاویکردەوە: "لە مانگی 1ی ئەمساڵدا (2026)، بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای هەولێر لە رێگەی شاشەی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بە فەرمی باسی لە دامەزراندنی سیستەمێکی پێشکەوتووی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ شاری هەولێر و دەوروبەری کرد، لەو لێدوانانەدا بەڵێن بە هاووڵاتییان درا کە تەنیا لە ماوەی 2 مانگدا ئامێر و سێنسەرە زیرەکەکان دەگەن و پڕۆژەکە دەکەوێتە کار، تەنانەت دڵنیایی درا کە سیستەمەکە لانیکەم 45 خولەک پێش دروستبوونی لافاو بە زەنگ هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە تا بێ خەم بن و گیان و ماڵیان پارێزراو بێت".
ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئێستا و پاش تێپەڕبوونی 10 مانگ بەسەر ئەو بەڵێنە فەرمییانەدا، شەوی رابردوو (8ی 11ی 2026) لافاوێکی بەخوڕ شاری هەولێری گرتەوە؛ لە ئەنجامدا 2 هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و بە دەیان ئۆتۆمبێل و سەدان ماڵ و دووکانی خەڵک تووشی زیانی گەورە بوون، لە هەمووی کارەساتبارتر ئەوە بوو هیچ زەنگێک لێنەدرا و هیچ سیستەمێک خەڵکی لە مەترسییەکە ئاگادار نەکردەوە و هاووڵاتییان لە کاتی پشوو و خەودا بێ ئاگا لەبەردەم شاڵاوی ئاودا مانەوە".
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست روو لە ئیدارەی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری چەند پرسیارێک دەوروژێنێت و دەڵێت: "کوا پڕۆژەکە؟ ئەو سێنسەر و سیستەمە زیرەکانەی لەسەر شاشەی میدیاکان نمایش کران لە کوێن و بۆچی لە کاتی کارەساتدا بوونیان نەبوو؟ کاتێک ژێرخانی ئاگادارکردنەوە ئامادە نییە، بە چ پێوەرێک دڵنیایی درۆینە بە هاووڵاتییان دەدرێت؟ بەرپرسیارێتی گیانلەدەستدانی ئەو 2 هاووڵاتییە و زیانی سەدان خێزان لە ئەستۆی کێیە کاتێک بەهۆی نەبوونی ئاگادارکردنەوە نەیانتوانی خۆیان رزگار بکەن؟".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عەلی حەمەساڵح جەختی کردووەتەوە کە پاراستنی گیانی خەڵک بە لێدوانی راگەیاندن و بەڵێنی بێ کردار ناکرێت، بۆیە پێویستە دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان روونکردنەوەی فەرمی بدەن و لێپرسینەوە لە چارەنووسی ئەم پڕۆژەیە و ئەو پارەیەی دراوەتە کۆمپانیاکە بکرێت.
PM:06:07:08/11/2026
ئهم بابهته 348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت