پەروەردەی هەولێر: دوای هەڵسەنگاندنی زیانەکانی لافاو بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی پشوو دەدرێت
وێستگەنیوز-
بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی پەروەردەی هەولێر بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوەی پشووی دەوامی ناوەندەکانی
خوێندن یان گەڕانەوە بۆ دەوامی فەرمی دەبەستێتەوە بە وەرگرتنی راپۆرتی فەرمیی
ژووری قەیرانەکان و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی، دوای ئەوەی شەپۆلێکی بارانبارین و
لافاو لە هەولێر و چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان راگەیاندنی پشووی خوێندنی
لێکەوتەوە.
لوقمان سەعید،
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر رایگەیاند، لە چاوەڕوانی راپۆرتی ژووری
قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و کەشناسیدان بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی زیانەکان و
بەردەوامیی شەپۆلەکە، تا سەرپشکانە بڕیاری کۆتایی لەسەر دەوامی پەروەردە بدەن،
جەختیشی کردەوە، تا ئێستا هیچ راپۆرتێک لە پەروەردەی قەزاکانەوە نەگەیشتووە کە
ئاماژە بە چوونەژوورەوەی ئاو و لافاو بکات بۆ ناو بینای قوتابخانەکان.
دوێنێ
لە هەولێر و چەند ناوچەیەکی دیکە بەهۆی لافاوەوە پشوو تەنها بۆ خوێندکاران و
مامۆستایان راگەیەندرا، لە کاتێکدا دەوامی فەرمانبەران ئاسایی بوو، ئەم رێکارانەش لە کاتێکدان کە رەخنەی بەردەوام دەگیرێت
لە ئاستی ئامادەکاریی پێشوەختەی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو، کە بووەتە هۆی
دروستبوونی فشار و بارگرانی لەسەر ژێرخانی شار و دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان.
PM:05:34:08/11/2026
ئهم بابهته 204
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت