'هاوینە بچووک' ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات؛ هۆشداری دەدرێتە جووتیاران

‌

وێستگەنیوز- نێچیرڤان کەمال

شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت: کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین لەسەر هەرێم بەرەو لاوازبوون دەچێت و لە سبەینێوە قۆناغێکی سەقامگیریی کەشوهەوا دەستپێدەکات کە لە کوردەواریدا بە "هاوینە بچووک" ناسراوە و داوا لە جووتیاران دەکات پێش هاتنی شەپۆلێکی نوێی سەرما، بەخێرایی سوود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ چاندنی دانەوێڵە.

سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای ناوچەکە بە وێستگەنیوزی راگەیاند: ئەمڕۆ کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی کە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتبووەوە کەم دەبێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردەوە، پێشبینی دەکرێت ئەمشەو لە ناوچە سنوورییەکان و کوێستانە بەرزەکان، بەتایبەت لەسەر لووتکەی چیای پیرەمەگرون، بەفر ببارێت.

​سەبارەت بە کەشوهەوای ڕۆژانی داهاتوو، زانیارییە کەشناسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە سبەینێ دووشەممەوە بەهۆی جێگیربوونی بەرزەپاڵەپەستۆیەکەوە، ئاسمانی هەرێم ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن. ئەم قۆناغە کە ڕاستەوخۆ دوای "بارانی پەڵە" دێت و لە کەلتووری کوردیدا بە "هاوینە بچووک" ناودەبرێت، کەشوهەوا تێیدا بەتەواوی جێگیر و سەقامگیر دەبێت.

​لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ئەو شارەزایەی کەشناسی تیشکی خستە سەر پێداویستیی زەوییە کشتوکاڵییەکان بە ڕێژەی باران و ڕوونیکردەوە، بۆ پەڵەدان لە ناوچەی گەرمیان زەوی پێویستی بە 30 بۆ 40 میلیمەتر باران هەیە، لە کاتێکدا لە ناوچە کوێستانییەکان ئەو ڕێژەیە دەگاتە 40 بۆ 70 میلیمەتر.

​لە کۆتاییدا سالار حاجی عەلی ڕێنمایی و هۆشداریی دەداتە جووتیاران کە ئەم قۆناغەی "هاوینە بچووک" وەک دەرفەتێکی کورتخایەن ببینن و بەخێرایی سوود لە شێی زەوییەکان وەربگرن بۆ کێڵان و چاندنی گەنم و جۆ، چونکە پێشبینی دەکرێت دوای ماوەیەکی کەم لەم سەقامگیرییە، جارێکی دیکە شەپۆلێکی نوێی سەرما و بارانبارین ڕوو لە ناوچەکە بکاتەوە.


PM:03:52:08/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت