ئاسایشی بازیان بەڵێننامە بە بەڕێوەبەر و سەرنووسەری 'بازیان میدیا' پڕدەکاتەوە و پۆستێکیان پێ دەسڕێتەوە
وێستگەنیوز- بابان عومەر
دەستەی بەڕێوەبردنی دەزگای میدیایی "بازیان میدیا" لە سەنتەری میترۆ سکاڵایان تۆمار کرد، سەبارەت بە بانگهێشتکردنیان بۆ یاریدەدەرێتی ئاسایشی بازیان، دەستبەسەرکردنیان بۆ ماوەی 2 کاتژمێر و ناچارکردنیان بە پڕکردنەوەی بەڵێننامە و سڕینەوەی راپۆرتێکی رۆژنامەوانی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026، دابان کەمال بەڕێوەبەر و خاوەن ئیمتیازی بازیان میدیا، لەگەڵ دیلان سیروان سەرنووسەر و پەیامنێری دەزگاکە، سەردانی سەنتەری میترۆیان کرد بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر دانانی مەرج بۆ کارە رۆژنامەوانییەکانیان و ناچارکردنیان بە پڕکردنەوەی بەڵێننامەیەک کە تیایدا بەڵێن بدەن پشێوی دروست نەکەن و پابەندی پیشەییبوون بن لە قەزای بازیان.
ئەم رێکارانەی بەرامبەر تیمی بازیان میدیا گیراونەتەبەر، دوای ئەوە دێت کە لە 4ی تشرینی دووەمی 2026 پەیامنێرەکەیان راپۆرتێکی لەبارەی کۆبوونەوەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی کتێبخانەی بازیان بڵاوکردبووەوە، تێیدا راوبۆچوونی چەند فەرمانبەرێکی ناڕازی خستبووەڕوو کە داوایان کردبوو دەنگیان بگاتە لایەنی پەیوەندیدار، بەڵام پاش چەند کاتژمێرێک لە بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکە، ئاسایشی بازیان پەیوەندییان پێوە کردوون و داوایان لێکردوون دیدارەکان بسڕنەوە.
دابان کەمال، بەڕێوەبەری بازیان میدیا لە لێدوانێکیدا بۆ سەنتەری میترۆ باسی لەوە کرد، ئاسایش داوایان لێکردوون کاتژمێر 9:00ـی بەیانیی 6ی تشرینی دووەم بچنە یاریدەدەرێتی ئاسایشی بازیان؛ لەوێش بە شێوازێکی نەشیاو مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و پێیان وتراوە: "ئێوە خۆتان بە چی دەزانن لە دوێنێوە پێتان دەڵێین ئەو پۆستە بسڕنەوە نایسڕنەوە".
لای خۆشیەوە دیلان سیروان، سەرنووسەر و پەیامنێری دەزگاکە رایگەیاند: "ئێمە وەک بازیان میدیا هیچ کارێکی نایاساییمان نەکردووە، بەڵام بۆ ماوەی 2 کاتژمێر لە ژوورێکدا داخران و داوای وشەی نهێنی مۆبایلی پەیامنێرەکەیان کرد و پشکنیان، پێیان وتین خۆتان تووشی دادوەر و زیندان مەکەن و پۆستەکە بسڕنەوە".
هاوکات دابان کەمال جەختی کردەوە کە بەڵێننامەیان پێ پڕکردوونەتەوە نابێت هیچ کارێک بڵاوبکەنەوە کە ئاسایش نەیەوێت، سەرەڕای ئەوەی بە ناچاری راپۆرتەکەشیان پێ سڕیونەتەوە.
لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەدا، سەنتەری میترۆ بەکارهێنانی دەزگا ئەمنییەکان بۆ ترساندن، دروستکردنی فشار و پڕکردنەوەی بەڵێننامە بە رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن رەتدەکاتەوە، هاوکات داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات لێکۆڵینەوە لەم هەڵسوکەوتە نایاساییە بکەن و دەستبەجێ رایبگرن.
شایەنی باسە دەزگای میدیایی (بازیان میدیا) وەک ماڵپەڕێکی هەواڵی، لە 23ی ئازاری 2023ـەوە لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمار کراوە.
PM:02:41:08/11/2026
ئهم بابهته 332
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت