هاتووچۆی هەولێر: ئەو سەرپێچییانەی لە کاتی لافاوەکەدا ئەنجامدراون هەژمار ناکرێن

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر دڵنیایی دەداتە شۆفێران کە سەرجەم ئەو سەرپێچییانەی لە کاتی دروستبوونی لافاو و بارانە بەخوڕەکەدا تۆمار کراون هەژمار ناکرێن و لێخۆشبوون دەیانگرێتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026، عەقید هێمن حەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بەمیدیای پارتی رایگەیاند، تیمەکانیان لە شەوی رابردووەوە بەردەوامن لە دەرهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەهۆی کۆبوونەوەی ئاوی بارانەوە ژێرئاو کەوتوون و بوونەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ لە شەقامەکاندا.

لەبارەی سزادانی ئەو شۆفێرانەی لە شەقامە خێراکانی وەک 120 مەتری لە کاتی لافاوەکەدا بۆ دەربازبوون بە پێچەوانەی ئاراستەی شەقام رۆیشتوون، عەقید هێمن روونیکردەوە کە کامێراکانی چاودێری بە شێوازێکی رۆبۆتی کار دەکەن و دۆخی لەناکاو لێک نادەنەوە، هەر بۆیە سەرپێچییەکانیان تۆمار کردووە، بەڵام جەختی کردەوە لەو کاتەی بارانە بەخوڕەکە دەستی پێکردووە تا کۆتاییهاتنی، ئەو سەرپێچییانە هەژمار ناکرێن؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیاری کۆتایی لەسەر لێخۆشبوون لە دەسەڵاتی پارێزگا و وەزارەتی ناوخۆدایە دوای ئەوەی راپۆرتی کاریگەرییەکانی لافاوەکەیان بەدەست دەگات.

وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، ژێر پردی نزیک نەخۆشخانەی رزگاری یەکێک بووە لەو شوێنانەی زۆرترین ئاوی لێ کۆببووەوە، بەڵام دوای ئەوەی غەواسەکانی شارەوانی مەجرای ئاوەڕۆکانیان کردەوە، ئاستی ئاوەکە دابەزی؛ دوای دەرهێنانی چەند ئۆتۆمبێلێکی وەک جۆری تۆیۆتا کامری و ئۆتۆمبێلی دیکە، لە ئێستادا تیمەکان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) پشکنین دەکەن تا دڵنیاببنەوە لەوەی هیچ ئۆتۆمبێلێکی تر لەژێر ئاودا نەماوەتەوە.

سەبارەت بە زیانەکان و ئاساییکردنەوەی دۆخی شەقامەکان، عەقید هێمن باسی لەوە کرد دوای کۆتاییهاتنی تەواوی کارەکان، راپۆرتی فەرمیی زیانەکان بەرز دەکرێتەوە بۆ پارێزگا و وەزارەتی ناوخۆ، هاوکات سەرجەم تیمە خزمەتگوزارییەکان بە هەماهەنگی کار دەکەن بۆ ئەوەی دوای دەرهێنانی ئۆتۆمبێلەکان، شەقامەکان لە قوڕ و لیتە پاکبکرێنەوە و هاتوچۆ بە تەواوی ئاسایی ببێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر پرسی تابلۆ ونبووەکانی خستەڕوو و داوای لە هاووڵاتییان کرد هەر کەسێک تابلۆیەکی دۆزییەوە پەیوەندی بە ژمارە 440ـەوە بکات یان رادەستی نزیکترین بنکە و تیمەکانی سەر شەقامی بکات. هاوکات دەستخۆشی لە خەمخۆریی هاووڵاتییان کرد کە بەدەنگ بانگەوازەکەیانەوە هاتوون و ژمارەیەکی زۆر تابلۆیان کۆکردووەتەوە، راشیگەیاند دوای تەواوبوونی کارەکان، ژمارەی تابلۆکان لە دەزگا میدیاییەکاندا بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی خاوەنەکانیان وەریانبگرنەوە.


PM:02:25:08/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو