د.رێبوار کەریم: داوام لە عەلی زەیدی کرد قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەرێم بکاتەوە

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق، لە رێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، لە چوارچێوەی بودجەی فریاگوزاریدا قەرەبووی هاووڵاتییە زیانلێکەوتووەکانی لافاو و بارانبارینەکەی دوێنێ شەوی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای هەولێر بکاتەوە.


د. رێبوار کەریم مەحمود، سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە نووسراوی فەرمی داوای لە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە لە چوارچێوەی بودجەی فریاگوزاری، قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دوێنێ شەوی هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی بکاتەوە بە بڕە پارەیەک کە شیاو بێت.

بەپێی وێنەی نووسراوە فەرمییەکە کە دەست وێستگەنیوز کەوتووە، نووسراوەکە بە ژمارە 139 لە رێکەوتی 8/11/2026 لەلایەن نوسینگەی پەرلەمانتار د. رێبوار کەریم ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و تێیدا هاتووە: "لەبەر ئەو زیانە گەورانەی کە بەر هاووڵاتییان کەوتووە لە هەندێک شاری هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پارێزگای هەولێر لە ئەنجامی لافاو و بارانی بەخوڕ لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، کە بووە هۆی زیانی گەورە لەوانەش وێرانبوونی دەیان ماڵ و چوونەژوورەوەی ئاوی باران بۆ ناویان؛ داوا لە بەڕێزتان دەکەم قەرەبووی هاووڵاتییە زیانلێکەوتووەکان بکەنەوە بە بڕە پارەیەکی گونجاو لە چوارچێوەی بودجەی فریاگوزاریدا، بۆ لابردنی مەینەتی لەسەریان و پشتیوانیکردنیان".


PM:01:39:08/11/2026




ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت