شەپۆلێکی ساردی جەمسەری ڕوو لە هەرێم دەکات و یەکەم بەفر دەبارێت

‌

وێستگەنیوز - فیردەوس دڵشاد

کەشناسان هۆشداری دەدەن لەوەی لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە مەترسیی لافاو لە چەند ناوچەیەکی هەرێم هەیە؛ هاوکات لە سبەینێوە بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری دەگات و لە حاجی ئۆمەران یەکەم بەفری ئەمساڵ دەبارێت.


بەپێی پێشبینیی کەشناسان، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممەوە تاوەکو کاتەکانی شەو، کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین لەسەر ناوچەکانی هەرێم بەهێزتر دەبێت و بەوهۆیەوە لە ئیدارەکانی گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران و هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو هەیە.

کەشناسان ئاماژە بەوە دەکەن لە کاتەکانی ئێوارەی سبەی یەکشەممەوە، بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری لە تورکیاوە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەمەش کەشوهەوای زستانە دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.

هاوکات لەگەڵ هاتنی بارستەهەوا ساردەکە، پێشبینی دەکرێت لە سنووری حاجی ئۆمەران و تەواوی ناوچە شاخاوییەکانی سەرووی 1600 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە، یەکەمین بەفری ئەمساڵ ببارێت.

بەپێی نەخشە کەشناسییەکان، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە شەپۆلی بارانبارین بە تەواوی کۆتایی پێدێت، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی کاریگەریی هەوا ساردەکە، لە کاتەکانی شەودا پلەکانی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکاندا بۆ 0 پلەی سیلیزی دادەبەزن.


AM:11:16:07/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت