پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ وێستگەنیوز: پارتی نایەوێت بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت

‌

وێستگەنیوز- نێچیرڤان کەمال

پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد: پارتی نایەوێت بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت و ئەوەشی لە پەرلەمان ڕوویدا تەنها بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بوو.

 د. خۆشناو ئاقوبانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە هەڵبەست ئیبراهیم، پەیامنێری وێستگەنیوزی ڕاگەیاند:"پارتی نایەوێت بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت، ئەوەی کرا لە پەرلەمان تەنها بۆ ئەوە بوو کە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بپارێزرێت نەک بەو شێوەیەی کە برایانمان لە یەکێتی تێی گەیشتوون".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە کە لیژنەی یاسایی ڕۆژی دووشەممە هەڵدەبژێرین داوا دەکەین تەواوی لایەنە سیاسیەکان ئامادەی دانیشتنەکە ببن، پەرلەمان بۆ هەمووانە نەک بۆ کەس و لایەنێک، هەر چەندە بارودۆخەکە وا دەخوازێت کە پەرلەمان و حکومەت زوو کارا بکرێت بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەهێزبوونی قەوارەکە".

د. خۆشناو ئاقوبانی جەختیشی لەوە کردەوە کە دۆخی ناوچەکە زۆر خراپە و پێویستە ئەوە لەبەر چاو بگیرێت، ڕوونیشی کردەوە: "خەڵک چاوەڕێی ئێمەی پەرلەمانتارە تاکوو خزمەت بکرێن تاکوو یاسای لێبوردنی گشتی و چەندین یاسای تر لە سودی فەرمانبەران جێبەجێ بکەین".

دەشڵێت: دوای ئەوەی هەست بە توڕەیی برایانی یەکێتی دەکەین ئێمە هەر توڕەنین و لەسەر خۆین، کە برایانمان لە یەکێتی ساردبوونەوە ئێمە دووبارە دەست بە دانووستان دەکەینەوە لەگەڵیان".


PM:11:43:06/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت