حاكم قادر حەمەجان: کوردستان ماڵی هەموومانە و ئەم قۆناغە هی ناکۆکی و تۆڵەسەندنەوە نییە

‌

وێستگەنیوز - 

حاكم قادر حمەجان، ئه‌ندامی پێشوی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، لە پەیامێکدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەکاتەوە و دەڵێت: "کوردستان ماڵی هەموومانە و پاراستنی ئەم ماڵە بەرپرسیارێتی هەموومانە".

حاکم قادر حەمەجان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە قۆناغی ئێستا قۆناغی ناکۆکی، تۆڵەسەندنەوە و توندکردنەوەی ئاڵۆزییەکان نییە، بەڵکو قۆناغی دانیشتن، گفتوگۆ و گەڕانەوەیە بۆ چارەسەری کێشەکان. 

دەشڵێت: "نابێت ئەو هەڵە مێژووییانە دووبارە بکەینەوە و نەوەکانی داهاتوو بکەینە قوربانی ناکۆکی و ململانێکانی ئەمڕۆمان، چونکە مێژوو شەڕی براکوژی بە نەفرەت و ئازارەوە تۆمار کردووە نەک بە شانازی".

لە پەیامەکەیدا، ناوبراو داوا لە یەکێتی و پارتی و سەرجەم حزبو لایەنە سیاسییەکان دەکات لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە و دوور لە ململانێ و هەڵوێستی تاکلایەنە، بە هاوبەشی حوکمەتێکی کارا و خزمەتگوزار پێکبهێنن، حکومەتێک کە بەرژەوەندیی خەڵک و پاراستنی قەوارەی هەرێم بخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی حزبییەوە.

هۆشداریش دەدات لەوەی کە نەیارانی گەلی کورد هەمیشە چاویان بە دابەشبوون و لاوازیی لایەنەکان هەڵاتووه‌، و دەڵێت: "لە هەر پارێزگا و ناوچەیەکی کوردستان بژین، هەموومان خاوەنی ئەم خاکەین و یەک چارەنوسی هاوبەش چاوەڕوانمان دەکات؛ ئێمە ئەگەر پێکەوە بین بەهێزین و ئەگەر دابەش بین لاوازین".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوەکانی هەرێم موڵکی هیچ حزبت و لایەنێک نیین بە تەنیا، بەڵکو موڵکی تەواوی خەڵکی کوردستان و خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانن، و لەم گۆڕانکاری و ئاڵنگارییە چاوەڕوانکراوانەی ناوچەکەدا، تەنها یەکڕیزی و یەکگوتاری دەتوانێت قەوارەی هەرێم بپارێزێت.


PM:09:45:06/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت