شوان رابەر بۆ وێستگەنیوز: دوو ئیدارەیی زەمینە بۆ دەستوەردانی وڵاتان و شەڕی ناوخۆ خۆش دەکات

‌

وێستگەنیوز -

لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵوێستی یەکێتی، ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەبوو لایەنەکان پێکەوە لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان گەیشتبانە سازان، هاوکات هۆشداریش دەدات کە نەمانی سازان و گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی، زەمینە بۆ دەستوەردانی وڵاتان و سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ خۆش دەکات.


شوان ڕابەر، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەری بە هەڵبەست ئیبراهیم، پەیامنێری وێستگەنیوزی ڕاگەیاند: "دەبوو پێکەوە لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێم گەیشتبانە سازان (تەوافوق)، ئەوسا کارەکانیان کردبا، چونکە دوو ئیدارەیی کێشە و ئیحراجیی زۆر بۆ خۆیان، بۆ هەموو کوردستان و بۆ هەموو حیزبەکانی تریش دروست دەکات".

وتیشی: "دوو ئیدارەیی زەمینەساز دەکات بۆ ئەوەی هەر حیزبە و لەگەڵ لایەنێک یا لەگەڵ وڵاتێک بێ، یا شەڕی ناوخۆ ڕووبدات، یا دەستوەردانی وڵاتان زیاتر بێت، یا کار لە دژی یەکتر بکرێ. ئەوەش ناسەقامگیری دروست دەکات، ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێکدەدات و پەیوەندییەکانی هەردوو لا لەبار دەبات".

لە کۆتاییدا شوان ڕابەر سەبارەت بە هەڵوێستی حیزبەکەی وتی: "کۆمەڵ هەر لە سەرەتاوە نەچۆتە پەرلەمان و هەر لەسەر ئەو رەئیەش مایەوە، کۆمەڵ لایەنێکی سەربەخۆیە و دژی ئەوەیە بارودۆخی هەرێم تێک بچێت، بەهۆی ئەوە خەڵک زەرەر بکات، یا کوردستان بگەڕێتەوە دواوە".


PM:08:36:06/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو