شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

‌

وێستگەنیوز- نێچیرڤان کەمال

شەپۆلێکی بەهێزی بەفر و باران ڕوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، کە ئەگەری دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی لێدەکەوێتەوە.
 
سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی بە وێستگەنیوزی وت: شەپۆلەکە لەمڕۆوە لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆوە دەستیپێکردووە. پێشبینیش دەکرێت لە دوانیوەڕۆ و شەوی ئەمڕۆدا، کاریگەرییەکانی بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان فراوان ببێت.
 
دەشڵێت: لوتکەی کاریگەریی ئەم شەپۆلە، شەوی شەممە (7ی 11) و بەرەبەیانی یەکشەممە (8ی 11) دەبێت. لەو ماوەیەدا بارانبارین بە شێوەی لێزمە و هەورەبروسکە دەبێت، هاوکات ئەگەری بارینی تەرزەی گەورە و دروستبوونی لافاو هەیە. سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان و باکووری کەرکوک، زۆرترین کاریگەریی شەپۆلەکەیان لەسەر دەبێت.
 
پێشبینی دەکرێت بڕی بارانبارین لەم شەپۆلەدا لە نێوان 15 بۆ 70 میلیمەتر بێت، لە ناوچە شاخاوییەکانیش ڕەنگە بگاتە 90 میلیمەتر. هەروەها، پێشبینی دەکرێت یەکەمین بەفری ئەمساڵ لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان ببارێت.
 
ئەم شەپۆلە تا بەرەبەیانی دووشەممە (9ی11) بەردەوام دەبێت و دواتر کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت. 
هاووڵاتییان ئاگادار دەکرێنەوە کە خۆیان بپارێزن لە گەشتکردن بە ڕێگا نزمەکان و نزیکبوونەوە لە دۆڵ و ڕێڕەوە ئاوییەکان، بەتایبەت لە کاتی بوونی هەورەبروسکەدا.


PM:04:40:06/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو