ئەردۆغان: قۆناغ بە قۆناغ ئەشکەوتەکانی پەکەکە چۆڵ دەکرێن

‌

وێستگەنیوز-

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتی گەڕانەوەی لە سەردانە فەرمییەکەی لە شاری سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور، لە نێو فڕۆکەکەیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە سستی یان وەستانی پرۆسەی "ئاشتی" و پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەن.


ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەکە لە چوارچێوەی دیاریکراوی یاسادا بەردەوامە و لە سووربوونی دەوڵەتدا هیچ پاشەکشە و سازشێک بوونی نییە، ئاماژەی بەوەش کرد، رەنگە هەندێک لە پێشهاتەکان بەهۆی هەستیاریی پرۆسەکەوە دەستبەجێ بۆ رای گشتی رەنگ نەدەنەوە، بەڵام پێداگریی دەوڵەت تەواو روون و نەگۆڕە.

سەبارەت بە هەنگاوە مەیدانییەکان، سەرۆک کۆماری تورکیا زانیاریی ئاشکرا کرد و وتی: "ئەشکەوت و بنکەکانی پەکەکە لە ئەودیوی سنوورەکانمان هەنگاو بە هەنگاو و قۆناغ بە قۆناغ چۆڵ دەکرێن، کارەکانی دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوەش بەو شێوەیەی پلانی بۆ دانراوە بەردەوامییان هەیە و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە نزیکەوە چاودێری دەکەن."

روونیشیکردەوە کە بۆ تێپەڕین بەرەو قۆناغی داهاتوو، پێویستە چەکدانانەکە بە تەواوەتی رووبدات و بە کردار پشتڕاست بکرێتەوە. ئاماژەی بەوەش دا دەستەیەک بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆک کۆمار لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکان بە تەواوی ئاگاداری وردەکارییەکانن، چونکە چارەسەرکردنی بابەتێکی وەها پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی ورد و هەستیار هەیە، تاوەکو لە کۆتاییدا پێکەوە وڵات بەرەو گەیشتنی کەناری ئارامی ببەن.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە قۆناغی نوێی رەوتی ئاشتی لە تورکیا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێشنیازی کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیەنێت.

دوابەدوای ئەوە لە ساڵانی 2025 و 2026دا شاندەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) چەندین سەردانیان بۆ دوورگەی ئیمراڵی ئەنجامدا بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆجەلان.

لەو ماوەیەدا پەکەکە چەند هەنگاوێکی هێمایی بۆ چەکدانان هاویشت، وەک سووتاندنی چەک لە لایەن بەشێک لە گەریلاکانەوە، هەروەها گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنێکی نوێ لە ئیمراڵی وەک هەنگاوێک بۆ بەخشینی رۆڵێکی کاراتر لە پرۆسەی چارەسەریدا لێکدرایەوە، بەتایبەت پاش ئەوەی پەرلەمانی تورکیا لە هاوینی ساڵی 2026دا (یاسای چوارچێوە)ی پەسەند کرد بۆ رێکخستنی رێکارەکانی چەکدانان و بەرەوپێشچوونی دیالۆگ، سەرەڕای ئەوەی پێشتریش شاندی ئیمراڵی هۆشدارییان دابوو کە راگرتنی سەردانەکان متمانەی نێوان لایەنەکان لاواز دەکات و پرۆسەکە دەخاتە بەردەم مەترسییەوە.


PM:03:46:05/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو