سیناریۆکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی؛ سەرکردایەتیی یەکێتی کۆدەبێتەوە

‌

وێستگەنیوز-

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی، بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، کۆبوونەوەی خۆی سەبارەت بە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەنجام بدات.

ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان و تەواوکردنی نیسابی یاسایی بە ژمارەیەک پەرلەمانتاری یەکێتی و نەوەی نوێ، سەرکردایەتیی یەکێتیی تووشی شۆک کردووە.

یەکێتی لەم کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی چەند پرسێک دەکات لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە پەیامێکی روونی داوە بە یەکێتی کە دەتوانن بەبێ ئەوانیش سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکی هەرێم و کابینەی نوێی حکومەت هەڵبژێرن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێتی دەیەوێت گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسانە بکات و هەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت:
١. پرسی بایکۆتی حکومەت

یەکێتی لەم بارەیەوە دوو بابەت تاوتوێ دەکات:

 * بابەتی یەکەم: پەیوەندیی بە بەشداریی ئێستاوە هەیە لە حکومەت؛ ئایا وەزیر و بەرپرسەکانیان بایکۆتی حکومەت بکەن یان بەردەوام بن؟ لە حاتی بایکۆتکردندا، حکومەت هەڵناوەشێتەوە، چونکە بە کشانەوەی وەزیرەکانیش، حکومەت هێشتا زۆرینەیە و تا متمانەدان بە کابینەی دەیەم بەردەوام دەبێت.

 * بابەتی دووەم: بەشداریکردن لە کابینەی دەیەمدا. 
یەکێتی دوو ئەزموونی پێشووی هەیە؛ لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٨ پارتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان رێک کەوت و پۆستەکانی بۆ یەکێتی جێ هێشت و دواتر یەکێتی بەشداری کرد. ئایا یەکێتی هەمان ئەزموون دووبارە دەکاتەوە یان بەشداری ناکات؟ چونکە تەمەنی کابینەی دەیەم ڕەنگە کەمتر لە ساڵ و نیوێک بێت، بۆیە ئەمە جێی بایەخە کە ئایا بۆ ماوەیەکی کورت بچنە حکومەتەوە یان لە دەرەوەی بن؟

هەروەها گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت کە ئایا یەکێتی دەتوانێت بەشداری لە کابینەی نوێ نەکات و حوکمڕانیی ناوچەکەی خۆی بکات کە هەموو پۆستەکانی لای خۆیەتی؟ لە کاتێکدا بۆ هەر پرسێکی ئیداری و کارگێڕی دەبێت بەرپرسانی خۆجێیی بگەڕێنەوە بۆ حکومەت. ئایا یەکێتییەک کە ٣٤ ساڵە بەشێکە لە جومگە سەرەکییەکانی حکومەت، دەتوانێت لە حکومەت نەبێت و ئۆپۆزسیۆن بێت؟

٢. پرسی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان

یەکێتی وردبینی لە پرسی دوو ئیدارەییدا دەکات؛ ئیا دوو ئیدارەیی هاوشێوەی پێش ساڵی ٢٠٠٥ دەبێت کە یەکێتی حکومەتی تایبەتی خۆی هەبوو لە سلێمانی؟ یان مەبەست ئەوەیە یەک حکومەت و پەرلەمان لە هەولێر هەبێت، بەڵام یەکێتی حوکمڕانیی تەواوی ناوچەکەی خۆی بکات (هاوشێوەی سیستمی ئیمارات) کە ئەمە هەندێک لە ناوەندەکانی یەکێتی بە گونجاوی دەزانن.

٣. پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ پارتی و رووکردنە بەغدا

گفتوگۆ دەکرێت لەسەر بڕینی پەیوەندیی تەواوەتی لەگەڵ پارتی و حکومەتی هەرێم و رووکردنە بەغدا، کە ئەمەش هەنگاوی دەستووری و یاسایی دەوێت. بیرکردنەوە لە هەرێمی سەربەخۆ لە پێکهاتەی (سلێمانی، کەرکوک، هەڵەبجە) لە ڕووی سیاسییەوە لەلایەن بەشێک لە لایەنە عێراقییەکانەوە پشتگیریی دەکرێت، بەڵام دیوە یاساییەکەی ئاسان نییە.

٤. دەستبردن بۆ کارتی غاز و ئابووری
گفتوگۆکردن لەسەر بەکارهێنانی کارتی غاز و پرسە ئابوورییەکان دژی پارتی، بە جۆرێک کە یەکێتی لەم پرسەدا چەند هەنگاوێک لەگەڵ بەغدا چووەتە پێشەوە.

٥. پچڕانی هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازی
گفتوگۆ لەسەر پچڕانی هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی ئەمنی، هەواڵگری و سەربازی لەگەڵ هەولێر و جێبەجێکردنی هەماهەنگییە لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەکی کرداری.

٦. بژارەی گفتوگۆی جدی بۆ شەراکەتی ڕاستەقینە

ڕێگایەکی تر ئەوەیە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان تێپەڕی و ئێستا کاتی گفتوگۆی جدییە لەگەڵ پارتی بۆ بەدەستهێنانی شەراکەتی ڕاستەقینە، چونکە پارتی دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هەنگاوەکانی تری بۆ پێکهێنانی کابینە و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم دەست پێ دەکات.

٧. دۆخی پەرلەمانتاران و لێپرسینەوە

ڕەنگە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دوای دەستبەکاربوونی، دەست بکات بە ڕکاراری یاسایی بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارانەی بەشداریی کۆبوونەوەکان ناکەن و غیابیان بۆ دەدرێت تاوەکو سەندنەوەی متمانە. لە ئێستادا ٥٢ پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکان بوون، ٣ پەرلەمانتار سوێندیان نەخواردووە و ٤٥ پەرلەمانتاریش ئامادە نەبوون. پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەو پەرلەمانتارانەی بەشداربوون هەروا دەمێننەوە، یان لە دانیشتنەکانی داهاتوودا فراکسیۆنەکانی تر (وەک یەکگرتوو، گۆڕان و پێکهاتەکانی دەرەوەی هاوپەیمانێتیی یەکێتی و نەوەی نوێ) بەشداری دەکەن؟


AM:11:32:05/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو