24 کاتژمێر بەسەر کاراکردنەوەی پەرلەماندا تێپەڕی؛ کونسوڵخانەکان، بەغدا و حیزبەکان پێشوازییان لە هەنگاوەکەی پارتی نەکرد

‌

وێستگەنیوز –

سەرەڕای تێپەڕبوونی 24 کاتژمێر بەسەر دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێک لە پەرلەمانتارانەوە، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی سیاسیی دەرەوەی پارتی، کونسوڵخانە بیانییەکان و تەنانەت بەغداش پێشوازییان لەو کاراکردنەوەیە نەکردووە.


دوای تێپەڕینی 24 کاتژمێر بەسەر دانیشتنە مشتومڕاوییەکەی پەرلەمانی کوردستان، سەرەڕای هەوڵەکانی پارتی بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەکە، بێدەنگییەکی گشتی باڵی بەسەر دۆخەکەدا کێشاوە.

تاوەکو ئێستا، هیچ یەک لە هێز و حیزبە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزباییان لە هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نەکردووە؛ بەڵکو بە پێچەوانەوە، هێزە سەرەکییەکان بەتایبەت یەکێتی و نەوەی نوێ، کاردانەوەی توندیان دژ بە شێوازی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە دەربڕی و ڕەتیانکردەوە.

لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، کونسوڵخانەی وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچ پەیامێکی فەرمیی پیرۆزبایی یان پێشوازییان ئاراستەی سەرۆکایەتیی نوێ نەکردووە؛ هاوکات لە بەغداشەوە لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت و سەرکردە عێراقییەکانەوە هیچ هەڵوێستێکی ئەرێنی بۆ ئەم کاراکردنەوەیە دەرنەبڕدراوە.

چاودێران پێیان وایە ئەم بێدەنگییە بەرفراوانەی ناوخۆ و دەرەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە شێوازی کاراکردنەوەی پەرلەمان لە ڕێگەی بەشداریپێکردنی پەرلەمانتارانی دەرەوەی پارتی بەبێ ڕێککەوتنی نیشتمانی، نەیتوانیوە شەرعییەتی سیاسی و کۆدەنگیی پێویست لەسەر ئاستی هەرێم و دەرەوە دەستەبەر بکات.


AM:10:59:05/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو