ئاڵا تاڵەبانی: پارتی لە بەغداد داوای هاوبەشی دەکات و لە هەرێم جێبەجێی ناکات

‌

وێستگەنیوز-

ئاڵا تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژنان، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای یەکێتی رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغداد داوای هاوبەشیی راستەقینە دەکات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان خۆی ئەو بنەمایە جێبەجێ ناکات.


لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمانەوە، ئاڵا تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی بیانی داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانیان بە بەشداریی هەردوو هێزەکە دەکرد، بەڵام لە واقیعدا پەرلەمانتار هەبووە بە 12 کاتژمێر بەر لە کۆبوونەوەکە سەنگەری خۆی گواستووەتەوە بە مەبەستی بەشداریکردن، ئەوەش بە هەنگاوێکی گوماناوی لەقەڵەم دەدات.

ئەو راوێژکارەی سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی پێشووی پارتی لە بەغداد و وتی: "پارتی لە کابینەی رابردووی عێراق هەوڵێکی زۆری دا بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە، بەڵام بۆی دەرکەوت ئەو سیاسەتە لە عێراق سەرناگرێت، بۆیە دەبێت دڵنیاش بێت لەوەی کە لە هەرێمی کوردستانیش سەرکەوتوو نابێت."

راشیگەیاند، ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی کوردستان هەنگاوی دیکەی بەدوادا دێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی پەرلەمان و حکومەتێکی تاکلایەنە، کە بە دڵنیاییەوە سەرکەوتوو نابێت.

ئاڵا تاڵەبانی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا باسی لەوە کرد، کە پرسی سەنگەرگواستنەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشینەی هەبووە و بە یاسا قەدەغەکراوە پێش پێکهێنانی حکومەت ئەنجام بدرێت، کوردیش لە بەغداد ئەم بابەتەی بەلاوە نامۆ بووە و تەنانەت پەرلەمانتارانی پارتی دەیانگوت ئەم کارە لە پێناو بەرژەوەندیی کەسییە نەک نیشتمانی.


AM:08:40:05/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو