حزبی شیوعی رەخنە لە پارتی سۆسیال دیموکرات دەگرێت: دەبوو بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی پەرلەمان راوێژمان پێبکرایە

‌

وێستگەنیوز-

مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان لە دوای کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی، هەڵوێستی فەرمیی لەسەر دۆخی پەرلەمان راگەیاند و جەختی کردەوە کە ئەوان لایەنگری کاراکردنەوەی دامەزراوەی یاسادانانن بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سەرکەوتووەکان نەک تەنها بە کۆکردنەوەی زۆرینەی پەنجا کۆ یەک (50+1)، هاوکات رەخنەی توندی لە هەڵوێستی تاکلایەنانەی پارتی سۆسیال دیموکرات گرت.


بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی حزبی شیوعیی کوردستان، ئاماژە بەوە کراوە کە زیاتر لە 2 ساڵە هەڵبژاردن کراوە بەڵام بەهۆی ململانێی 2 لایەنی زۆرینەوە کارەکانی پەرلەمان پەکخراون؛ شیوعی روونیکردووەتەوە: "لایەنگری بەگەڕخستنەوەی پەرلەمانین بە بەشداریی هەموو حزب و فراکسیۆنە سەرکەوتووەکان، بە جۆرێک کە رێز لە دەنگی خەڵک بگیرێت و لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەدا بەرژەوەندیی نیشتمانی بخرێتە سەرووی ململانێی حزبییەوە".

لە بەشێکی دیکەی هەڵوێستەکەیدا، مەکتەبی سیاسیی شیوعی ئاشکرای کردووە کە ئەوان لەگەڵ هەریەک لە حزبی زەحمەتکێشان و پارتی سۆسیال دیموکرات لە لیستێکی هاوبەشدا بە ناوی "هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان" بەشدار بوون و بە کورسییەک لە بازنەی سلێمانی سەرکەوتوون بۆ پەرلەمان کە بۆ کاندیدێکی سۆسیالیست بووە؛ بەڵام رەخنە لە بەشداریکردنی ئەو پەرلەمانتارە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا دەگرێت و رایدەگەیەنێت پێویست بوو پێش بڕیاردان لەسەر چوونە ناو کۆبوونەوەکە، هەرسێ لایەنی پێکهێنەری هاوپەیمانێتییەکە پێکەوە راوێژیان بکردایە.

لە راگەیەندراوەکەی شیوعیدا هاتووە: "ئەم هاوپەیمانێتییە بە فەرمی لای دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ناسراوە نەک بە ناوی حزبێکی دیاریکراوەوە، بۆیە پێویست بوو بۆ بەشداریکردن یان بەشدارینەکردن، هەرسێ لایەنەکە راوێژ بکەن و دواتر بڕیار بدەن، نەک بە تاکلایەنانە هەنگاو بنرێت".

ئەم ناڕەزایەتییەی حزبی شیوعی لە کاتێکدایە کە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو و تێیدا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا، کە پەرلەمانتارەکەی سۆسیال دیموکرات دەنگی پێدا. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشتریش لایەنەکانی یەکێتی، نەوەی نوێ، یەکگرتوو، کۆمەڵ و رەوتی هەڵوێست بایکۆتی دانیشتنەکەیان کردبوو، رەوتی هەڵوێستیش 2 پەرلەمانتاری خۆی دەرکرد دوای ئەوەی بەبێ رەزامەندی حزبەکەیان چووبوونە ناو هۆڵی کۆبوونەوەکە.


PM:03:05:04/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو