بەهۆی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی پەرلەمان؛ بنەماڵەکەی بێبەریبوونی خۆیان لە مەلا شڤان راگەیاند

‌

وێستگەنیوز-

لە دوای ئەوەی ئەمڕۆ مەلا شڤان، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی نەوەی نوێ، بە پێچەوانەی داواکاریی حزبەکەی جووڵایەوە و وەک کاندیدێکی سەربەخۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی کاراکردنەوەی پەرلەماندا کرد، بنەماڵەکەی بۆ وێستگەنیوز بێبەریبوونی فەرمیی خۆیان لە ناوبراو راگەیاند.


لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، میڤان بەڕۆشکی، برای مەلا شڤان لەسەر ناوی بنەماڵەکەیان بڵاویکردەوە: "ئێمە وەکو بنەماڵەی حاجی سەعید، بێبەریبوونی (بەڕائەتی) خۆمان لەم کەسە رادەگەیەنین، ئەو غەدرەی کە لە دەنگی گشتی و ناڕازی کردی، گوزارشت لە بنەماڵەکەمان ناکات و ئەوە بۆچوونی کەسیی خۆیەتی".

برای ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیە ئاماژەی بەوەش کردووە: "من وەک میڤان بەڕۆشکی شەرمەزارم و داوای لێبوردن لە هەر کەسێک دەکەم کە پێم وتبوو دەنگ بەم کەسە بدەن، بە راستی ئەمە شتێکی چاوەڕواننەکراو بوو، حەیف و مەخابن".

هاوکات باوکی مەلا شڤان هەڵوێستی توندی خۆی ئاشکرا کردووە و بەوێستگەنیوزی راگەیاند، کە تاوەکو مردن خۆیان لەم هەڵسوکەوتەی کوڕەکەیان بێبەری کردووە و وتی: "لە دوێنێوە تاوەکو ئەمڕۆ پەیوەندیمان پێوە کردووە و وەڵامی نییە بۆ ئەوەی بزانین کێشەی چییە و بۆچی ئەمەی کردووە، ئێمە بەهۆی ئەم کارەی کوڕەکەمانەوە بووینە کەسێکی شکستخواردوو لە دهۆک و شەرم لەو کەسانە دەکەین کە دەنگیان پێ داوە".

باوکی ناوبراو باسی لەوەش کرد، کە ئەوان پێیان وابووە مەلا شڤان دەنگی خەڵک دەگەیەنێت بەڵام خیانەتی کردووە، هەروەها ئاشکرای کرد، کە بەهۆی خەفەتی ئەم بابەتەوە دایکیشی نەخۆش کەوتووە.


PM:12:35:04/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت