قوباد تاڵەبانی: پشتیوانیی خۆم بۆ یەکێتیی ژنان و بەهێزکردنی پێگەی ژنان دووپات دەکەمەوە

‌

وێستگەنیوز-

قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی مام جەلال، لە یادی 37 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و پشتیوانی خۆی بۆ رێکخراوەکە و بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە کوردستان دەربڕی.


لە پەیامەکەیدا کە ئاراستەی سەرپەرشتیار، بەڕێوەبەران و ئەندامانی یەکێتیی ژنانی کوردستانی کردووە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە: "یەکێتیی ژنان بە مێژوو و خەباتی خۆی، بەشێکی گرنگی لە بەرگری لە ماف و پێگەی ژنان لە کوردستان بەدەستهێناوە، لەم قۆناغەشدا نوێکردنەوەی رێکخراوەکەتان و گرتنەبەری بیروڕای نوێ، هەنگاوێکی گرنگە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی بەهێزتر".

سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی مام جەلال، دڵخۆشی خۆی نیشانداوە بەوەی لە ماوەی ساڵێکدا توانیویانە کار و چالاکیی جۆری ئەنجام بدەن، ئەم هەنگاوەشی وەک سەرەتایەکی کاریگەر وەسفکردووە بۆ ئەو خزمەتەی لە داهاتوودا پێشکەشی ژنانی کوردستانی دەکەن.

هاوکات هیوای خواستووە و داوای لێکردوون پرۆسەی نوێبوونەوەیان بکەنە دەستپێکێکی نوێ بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە خواست و پێویستییەکانی ئەمڕۆی ژنانی کوردستان، هەروەها ببنە دەنگ و پاڵپشتێکی راستەقینە بۆ داواکاری و مافەکانیان بە ئاراستەی زامنکردنی بەشداریی کارایان لە سەرجەم کایەکاندا.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە تەواوی پشتیوانی لە یەکێتیی ژنان و سەرجەم هەوڵ و چالاکییەکانیان دەکات بۆ بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە سەرتاسەری کوردستاندا.


AM:10:32:04/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت