داهاتووی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست لە نێوان یاسای بودجە و ڕێککەوتنی بەغدا

‌

وێستگەنیوز - 

بەهەمیشەییکردنی دەیان هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ڕەخساندنی هەزاران دەرفەتی دامەزراندنی نوێ، هەمووی بەستراوەتەوە بە یەکلاکردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە و ڕێککەوتنی کۆتایی نێوان هەولێر و بەغدا.

عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاند، پرسی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بەگشتی و مامۆستایان بەتایبەتی، ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە.

سەبارەت بە وردەکاریی ژمارەکان و پشکی هەرێم، عەلی ڕەئوف ڕوونی کردەوە، ئەگەر حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت و پشکی بودجەی هەرێم بە 12٪ دیاری بكرێت، زیاتر لە 80 هەزار فەرمانبەری گرێبەست دەکرێنە هەمیشەیی، بەڵام ئەگەر پشکی هەرێم لە بودجەدا بگاتە 14٪، ئەوا ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لە گرێبەستەوە دەکرێنە هەمیشەیی بەرزدەبێتەوە بۆ 90 هەزار کەس.

ئەم هەنگاوە تەنها مامۆستایان ناگرێتەوە، بەڵکو تەواوی ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی وەزارەت و دامودەزگا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کە ساڵانێکە چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی سیفەتی وەزیفییان دەکەن.

هاوکات لەبارەی دەرفەتی دامەزراندنی نوێوە، نوێنەری گشتیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست ئاشکرای کرد، لە ئەگەری ڕێککەوتنی هەردوو لایەن و پەسەندکردنی بودجەدا، لە کۆی 200 هەزار دەرفەتی دامەزراندنی نوێ لەسەر ئاستی تەواوی عێراق، نێوان 24 هەزار بۆ 26 هەزار کەسی نوێ لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێندرێن.


PM:08:52:03/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت