عەلی زەیدی فەرمانی کرد بەزوویی پۆستی پارێزگاری کەرکوک یەکلایی بکرێتەوە
وێستگەنیوز-
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق فەرمانی کرد پەلە بکرێت لە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک و نەهێشتنی بۆشایی ئیداری لە شارەکەدا، هاوکات چەندین بڕیاری لەبارەی زیادکردنی پشکی کارەبا و سووتەمەنی و رەوانەکردنی دۆسیەی مۆلیدەکان بۆ دەستپاکی دەرکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی تایبەت بە رەوشی کەرکوکی کرد، بە بەشداریی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاروباری ئابووری، وەزیرانی ناوخۆ و داد، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق.
لە کۆبوونەوەکەدا دوای تاوتوێکردنی دۆسیە خزمەتگوزاری و ئەمنییەکان، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی کرد بە پەلەکردن لە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک و کۆتاییهێنان بە بۆشایی ئیداری لە پارێزگاکەدا، ئەوەش لەسەر بنەمای رێککەوتنەکانی نێوان تەواوی پێکهاتەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران فەرمانی کرد بە زیادکردنی پشکی کارەبای کەرکوک تا کاتژمێرەکانی پێدانی وزە بە هاوڵاتییان باشتر بکرێت، لەگەڵ زیادکردنی بەشەسووتەمەنیی مۆلیدە ناحکومییەکان بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی کارکردنیان. هەروەها رێنمایی دا کە دۆسیەی نرخی مۆلیدە ئەهلییەکان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییەکان و گرتنەبەری رێکاری یاسایی، رەوانەی دەستەی دەستپاکی بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکی حکومەت فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکان و دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد کە سەرجەم رێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی ئاسایش بگرنەبەر و بەپێی یاسا و دەستوور مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا بکەن، بە جۆرێک کە پاراستنی خۆپیشاندەران و موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت مسۆگەر بکرێت، هاوکات جەختی لە گرنگیی بەدواداچوونی مەیدانی بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییە رەواکانی خەڵکی کەرکوک کردەوە.
PM:04:49:03/11/2026
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت