ئاسیاسێڵ پێنج خەڵاتی جیهانیی لە بواری ژیریی دەستکرد بەدەستهێنا

‌

وێستگەنیوز-

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، پێشەنگی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیکردن و دیجیتاڵی لە عێراق، لە میانی رێوڕەسمێکی نێودەوڵەتیدا لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، توانی 5 خەڵاتی ستیڤی® (Stevie® Awards) بۆ نایابیی تەکنەلۆژی بۆ ساڵی 2026 لە بواری ژیریی دەستکرد بەدەستبهێنێت، کە پێکهاتبوون لە دوو خەڵاتی زێڕین، دوو زیو و یەک بڕۆنز.


لە رێوڕەسمەکەدا رێز لە هەوڵی تیمە داهێنەرەکانی ئاسیاسێڵ نرا بۆ سەرکەوتنیان لە بەرزکردنەوەی توانای تۆڕ، پەرەپێدانی ئیکۆسیستەمی ژیریی دەستکرد بۆ کەرتی پەیوەندییەکان و باشترکردنی ئەزموونی بەشداربووان. خەڵاتەکان بریتی بوون لە دوو خەڵاتی زێڕین بۆ "لەیلا" (یاریدەدەری ژیریی دەستکرد) و سیستەمی +CEI بۆ پێوانەکردنی ئەزموونی بەشداربووان، هاوکات پڕۆژەی "لەیلا" دوو خەڵاتی زیویشی بەدەستهێنا، لە بەشی "کۆمپانیای ساڵ – ژیریی دەستکرد"یشدا خەڵاتی بڕۆنز بەخشرایە ئاسیاسێڵ.

عامر سوناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاسیاسێڵ سەبارەت بەم دەستکەوتە رایگەیاند: "ئەم پێنج خەڵاتە و بەتایبەت دوو خەڵاتە زێڕینەکە، تەنیا رێزلێنان نین بۆ ئاسیاسێڵ، بەڵکو بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرن لەسەر لێهاتوویی تاکی عێراقی لە پەرەپێدانی چارەسەرەکانی ژیریی دەستکرد بەپێی پێوەرە جیهانییەکان لە ژینگەیەکی پڕ لە رکابەریدا؛ ئێمە سەلماندمان کە داهێنان بۆ عێراق تەنیا هاوردە ناکرێت، بەڵکو لێرەشەوە بەرهەم دەهێنرێت".

بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتانە لە دوای پرۆسەیەکی هەڵسەنگاندنی ورد هات کە زیاتر لە 180 پسپۆڕی نێودەوڵەتی لە سەرانسەری جیهانەوە تێیدا بەشدار بوون. هاوکات ئاسیاسێڵ جەختی لەسەر ئامادەیی تەواوی خۆی کردووەتەوە بۆ خستنەڕووی خزمەتگوزارییەکانی نەوەی پێنجەم (5G) بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق، لەپاڵ بەردەوامیدان بە وەبەرهێنان لە ژێرخانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرد.

جێی ئاماژەیە، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ خاوەنی زیاتر لە 20 ملیۆن بەشداربووە و بە خزمەتگوزاریی 4G+ زیاتر لە 99.06٪ـی دانیشتووانی عێراق دادەپۆشێت، هەروەها خەڵاتەکانی ستیڤی® (Stevie® Awards) کە بە یەکێک لە باوەڕپێکراوترین خەڵاتەکانی بواری بازرگانی دادەنرێن، لە چوارچێوەی 9 پرۆگرامدا ساڵانە زیاتر لە 12,000 داواکاریی پاڵاوتن لە زیاتر لە 70 وڵاتی جیهانەوە وەردەگرن بۆ دەستنیشانکردنی دەستکەوتە نایابەکان.


PM:03:18:03/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت