ئاسایشی هەولێر ئەو قاچاخچییەی دەستگیرکرد کە بووە هۆی خنکانی سێ منداڵەکەی سلێمانی
وێستگەنیوز-
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستبەسەرکردنی ئەو قاچاخچییەی راگەیاند، کە بەرپرسیار بووە لە ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە وڵاتی تورکیا، کە بەهۆیەوە سێ منداڵی خێزانێکی خەڵکی شاری سلێمانی گیانیان لەدەستدا.
بەپێی راگەیەندراوی ئاسایشی هەولێر، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد، توانراوە ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکرێت کە بە پیتەکانی (ر. أ. م) هێمای بۆ کراوە، پاشان لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر کراوە.
رووداوەکە لە ناوەڕاستی مانگی 10 (تشرینی یەکەم)ی 2026 روویدابوو؛ کاتێک خێزانێکی 5 کەسیی خەڵکی سلێمانی بە مەبەستی گەیشتن بە ئەڵمانیا، لە ئیستەنبوڵەوە روویان لە شاری ئەدیرنە لەسەر سنووری یۆنان کردبوو. لەوێ لە رێگەی بەلەمی چۆپەوە و لەلایەن ئەو قاچاخچییەوە هەوڵی پەڕینەوەیان لە رووباری مەریچ دابوو، بەڵام بەلەمەکەیان نقووم بوو و لە ئەنجامدا سێ منداڵی خێزانەکە بە ناوەکانی (هەستیار تەمەن 12 ساڵ، هەریاد تەمەن 9 ساڵ، و میلا تەمەن 5 ساڵ) لەبەرچاوی دایک و باوکیاندا خنکان و تەنها دایک و باوکەکە بە زیندوویی رزگاریان بوو.
رووباری مەریچ (ئێڤرۆس) کە دەکەوێتە نێوان سنووری تورکیا و یۆنان، یەکێکە لە رێگە مەترسیدارەکانی کۆچ بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، کە بەهۆی خراپیی ئەو بەلەم و چۆپانەی قاچاخچییەکان بەکاریان دەهێنن، ساڵانە رووداوی لەو شێوەیەی لێ دەکەوێتەوە و تا ئێستا دەیان کۆچبەر لەو ئاوەدا خنکاون.
PM:12:32:03/11/2026
ئهم بابهته 116
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت