شەپۆلێکی بارانبارین و بەفر ڕوو لە هەرێم دەکات

‌

وێستگەنیوز –

شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند، لە ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی بارانبارین، هەورەبرووسکە و دابەزینی پلەکانی گەرما سەرتاسەری ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش ئەگەری بەفربارین هەیە.


ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئێستادا شەپۆلێکی زۆرباشی بارانبارین و هەورەبرووسکە جێگیر بووە و لە سەرەتای کاریگەرییدا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 4ـی تشرینی دووەم هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەش کردووە، کاریگەریی شەپۆلەکە لە ڕۆژانی پێنجشەممە، هەینی و شەممە فراوانتر دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە زۆربەی ناوچەکان بارانی باش ببارێت.

سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، ئەو کەشناسە ڕوونی کردووەتەوە: بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری بەرەو ناوچەکە، پلەکانی گەرما بە بڕی 3 بۆ 6 پلەی سیلیزی دابەزین بەخۆیانەوە دەبینن.

دەربارەی بەفربارینیش، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە شەپۆلێکی چڕی بەفربارین باکووری کوردستان دەگرێتەوە و کاریگەرییەکەی دەگاتە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا لە حاجی ئۆمەران و چیاکانی دەوروبەری ئەگەری بەفربارین هەیە.


AM:08:52:03/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت