پشکی کارەبای نیشتمانیی کەرکوک دەگەیەنرێتە 800 مێگاوات

‌

وێستگەنیوز- محەمەد فاتیح


دوای سەرهەڵدانی نارەزایەتی و خۆپیشاندانی هاووڵاتییان بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکان لە کەرکوک، جێگری یەکەمی پارێزگاری شارەکە رەزامەندیی وەزارەتی کارەبای بەدەستهێنا بۆ زیادکردنی پشکی کارەبای نیشتمانیی شارەکە بۆ 800 مێگاوات.

بەپێی زانیارییەکانی نووسینگەی راگەیاندنی رێبوار تەها، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکوک، کە لە رێگەی دەزگای میدیایی (وێستگەنیوز)ەوە بڵاوکراوەتەوە، ناوبراو لە هەوڵێکی بەپەلەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای شارەکە، فەرمانی بە لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی شارەکە کردووە دەست بە کارکردن بکەنەوە.

هاوکات، نووسینگەی ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە، توانیویەتی رەزامەندیی فەرمیی وەزارەتی کارەبا وەربگرێت بۆ ئەوەی پشکی کەرکوک لە کارەبای نیشتمانیی لە 650مێگاواتەوە بەرزبکرێتەوە بۆ 800 مێگاوات، بە مەرجێک ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی قەیرانەکە و چارەسەرکردنی کێشەی موەلیدە ئەهلییەکان.

ئەم جووڵە کارگێڕییە لە کاتێکدایە، کە لە ماوەی رابردوودا بەرزکردنەوەی نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکان لە کەرکوک، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەدوای خۆیدا هێنا و خۆپیشاندەران چەندین رێگای سەرەکیی شارەکەیان داخست.


PM:11:33:02/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت