بەهۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی غازی کۆرمۆر، نرخی لیترێک غازی بازرگانی لە سلێمانی دابەزی

‌

وێستگەنیوز-


لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنانی غازی شل لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر، نرخی لیترێک غازی بازرگانی و خەزانی ماڵان لە بەنزینخانەکانی سلێمانی دابەزینی بەخۆوەبینی، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نرخی بوتڵی غازی ماڵان نەکردووە و نرخەکەی وەک خۆی ماوەتەوە.

عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی غاز لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، نرخی یەک لیتری غازی شلی بازرگانی لە بەنزینخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە 575 دینارەوە بۆ 500دینار دابەزیوە، واتە بڕی 75 دینار دابەزینی تۆمار کردووە، هاوکات نرخی هەر لیتری غاز بۆ ئەو ماڵانەی خەزانی تایبەتیان هەیە لە 540دینارەوە بۆ 490 دینار دابەزێنراوە، کە هۆکاری سەرەکی بۆ زۆربونی بڕی سووتەمەنییەکە دەگەڕێتەوە.

سەرەڕای ئەم دابەزینە لە غازی بازرگانیدا، سەرۆکی لیژنەی غاز جەختی کردەوە، نرخەکەی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نرخی بوتڵی غازی ماڵان نەبووە و نرخی فرۆشتنی هەر بوتڵێک هەر وەک خۆی بە نۆ هەزار و 500 دینار ماوەتەوە.

ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی پچڕان و کەمبوونی بەرهەم بەهۆی دۆخی ئەمنی و هێرشەکانەوە، قەیرانی سووتەمەنی لە ناوچەکەدا سەری هەڵدا بوو.


PM:04:38:02/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت