دوای زیاتر لە 2 هەفتە لەدەستگیرکردنی چارەنووسی نادیارە
وێستگەنیوز-
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە 2 هەفتە بەسەر دەستبەسەرکردنی خالق خالدی، هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، هێشتا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی راگرتنی ناوبراو لە ئارادا نییە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە خالق خالدی، دانیشتووی گوندی "بێژاوێ"ی سەر بە شاری شنۆ، لە کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبەری 2026، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە حکومییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەیان، بەبێ پیشاندانی هیچ بڕیارێکی دادوەری دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی خێزان و کەسوکاری ناوبراو لە دامەزراوە ئەمنییەکان و دەزگاکانی دادوەری، بەرپرسانی پەیوەندیدار لە پێدانی هەرچەشنە وەڵامێکی روون سەبارەت بە بارودۆخ و شوێنی راگرتنی ناوبراو خۆیان پاراستووە. هەروەها ئەم گەنجە لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و تەنانەت پەیوەندیی تەلەفۆنیش لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و هۆکاری دەستگیرکردنەکەشی نادیارە.
شایەنی باسە، بەپێی راپۆرتی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، لەمساڵدا هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن و گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر هاوڵاتییان و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەردەوامیی هەبووە، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگاکانی سنە، ورمێ و کرماشان شەپۆلەکانی دەستبەسەرکردن، بانگهێشتکردن و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەردەوامە.
PM:01:39:02/11/2026
ئهم بابهته 340
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت