لە کەرکوک نرخی ئەمپێری مۆلیدە 3 هازار دینار کەمکرایەوە

‌

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، لە پاش ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی شەوی رابردووی بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری کەرکووک لە دژی گرانیی کارەبا، قایمقامیەتی قەزای ناوەندی کەرکووک بڕیاریدا نرخی مانگانەی یەک ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان لە 18 هەزار دینارەوە بۆ 15 هەزار دینار کەمبکاتەوە.


بەپێی بڕیارێکی فەرمی کە بە واژۆی ئاڤێستا محەمەد عیزەدین، قایمقامی ناوەندی کەرکووک دەرچووە، ئاماژە بەوە کراوە کە لەبەر رەچاوکردنی بارودۆخی سەختی ئابووری و بژێویی هاوڵاتییان و لە پێناو کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانیان، بڕیاردراوە نرخی کارەبای مۆلیدە لە تەواوی گەڕەک و ناوچەکانی سەنتەری پارێزگاکە بە شێوەیەکی یەکگرتوو و بەبێ جیاوازی ببێتە 15 هەزار دینار بۆ یەک ئەمپێر.

لە بڕیارەکەدا هاتووە، سەرجەم خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان پابەند دەکرێن بەو نرخەوە و رێگە نادرێت هیچ بڕە پارەیەکی زیاتر لە هاوڵاتییان وەربگیرێت، هاوکات لیژنە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی مەیدانی چاودێریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەکەن و لە کاتی هەر سەرپێچییەکدا رێکاری یاسایی و کارگێڕیی پێویست بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر، هەروەها سەرجەم بڕیار و رێنماییە پێشووەکانی پێچەوانەی ئەم بڕیارەش هەڵوەشێنرانەوە.

ئەم هەنگاوەی ئیدارەی کەرکووک لە کاتێکدایە کە دیاریکردنی 18 هەزار دینار بۆ نرخی یەک ئەمپێر، ناڕەزایەتیی توندی لێکەوتەوە و لە ئێوارەی دوێنێوە تا درەنگانی شەوی رابردوو هاوڵاتییان لە چەندین گەڕەکی شارەکە رژانە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک لە هاوڵاتییان برینداربوون. دوابەدوای ئەوەش، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی رێکخست.

شایەنی باسە، پێشتر نوێنەری مۆلیدە ئەهلییەکانی شارەکە رایانگەیاندبوو کە لە مانگەکانی رابردوودا نرخی ئەمپێرێک لەنێوان 13 بۆ 14 هەزار دیناردا بووە، بەڵام بۆ مانگی تشرینی یەکەم بەهۆی کەمبوونەوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ کەمتر لە 12 کاتژمێر لە رۆژێکدا و بەرزبوونەوەی نرخی یەک بەرمیل گاز بۆ 280 هەزار دینار، نرخی یەک ئەمپێر بۆ 18 هەزار دینار بەرزکرابووەوە.


PM:12:02:02/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت