جەمال کۆچەر: ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بۆ پەرلەمان بەستراوەتەوە بە رێککەوتنی هەولێر و بەغداوە

‌

وێستگەنیوز-


ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەستراوەتەوە بە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات.

دکتۆر جەمال کۆچەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027 هێشتا لە وەزارەتی دارایی عێراقە و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان نەکراوە، جەختیشی کردەوە تاوەکو هەردوولا لەسەر پڕۆژەیاساکە ڕێکنەکەون، رەوانەی پەرلەمان ناکرێت.

ئاماژەی بەوەش دا، هەرچەندە بەغدا توانای ئەوەی هەیە بەبێ رێککەوتن لەگەڵ هەرێم بودجەکە تێپەڕێنێت، بەڵام نایەوێت ئەو کارە بکات بۆ ئەوەی دواتر تووشی کێشەی یاسایی و کارگێڕی نەبێتەوە.

لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا، بڕیارە لەم هەفتەیەدا گفتوگۆکان لەسەر بودجەی 2027 چڕتر ببنەوە و شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بە مەبەستی ئامادەکردنی بەڵگەنامە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ مسۆگەرکردنی پشکی راستەقینەی هەرێم لە بودجەدا.

سەبارەت بە ئەگەری درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان، روونی کردەوە، بەپێی ماددەی 58ـیدەستوور دەتوانرێت وەرزی یاسادانان بۆ یەک مانگ درێژ بکرێتەوە، هەروەها بەپێی ماددەی 57 ئەگەر بودجە پێش 1ـیتشرینی دووەم بگاتە پەرلەمان، وەرزی یاسادانان تا پەسەندکردنی کۆتایی یاساکە بەردەوام دەبێت.


PM:05:16:01/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت