عەلی حەمە ساڵح: بودجە لە لێواری فەوتاندایە

‌

وێستگەنیوز –

عەلی حەمە ساڵح ڕایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بودجە ڕاگیراون و مەترسی هەیە بەبێ هەرێم تێپەڕێنرێت، هاوکات پەردەی لەسەر چەندین دۆسیەی سەرانەسەندن و گەندەڵی لە کەرتی نەوت، داهاتی کارەبا، مووچەی خانەنشینان و دابەشکردنی نایاسایی زەوی لادا.

ئەمرۆ یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست رایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا وەستاون و ناکۆکیی سەرەکی لەسەر بەرهەمی نەوتە؛ لە کاتێکدا بەغدا بەپێی ڕاپۆرتی ئەمریکییەکان پێداگرە بەرهەمی ڕۆژانە 445 هەزار بەرمیلە، بەڵام هەرێم دەڵێت کەمتر لە 300 هەزار بەرمیلە، هەروەها هەرێم سیستەمی ئەسیکۆدا ڕەتدەکاتەوە، مەترسییەکی جددی هەیە بەغدا بودجەی ساڵی داهاتوو بەبێ هەرێم پەسەند بکات کە ئەمەش زیانی گەورە لە خەڵک دەدات.

ناوبراو ئاشکرای کرد سەرەڕای بەرهەمهێنانی سەدان ملیۆن لیتر نەوت لە پاڵاوگەکان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت نەوتیان نییە، چونکە نەوتی سپییەکە تێکەڵی گازوایلی کواڵیتی نزم دەکرێت بۆ ئەوەی ڕەوانەی تورکیا بکرێت، لە کاتێکدا ئەگەر هەناردەی گازوایل ڕابگیرێت، نرخی بەرمیلێک نەوت دەستبەجێ بۆ 175 هەزار دینار دادەبەزێت.

سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست تیشکی خستە سەر داهاتە ناوخۆییەکان و ئاماژەی بەوە کرد، ئەمساڵ 1 ترلیۆن و 500 ملیار دینار لە داهاتی کارەبا کۆکراوەتەوە، کەچی کۆمپانیای ماس وەک گەورەترین بەرهەمهێنەر دەڵێت تەنانەت 1 دیناری وەرنەگرتووە و چارەنووسی پارەکە نادیارە. لە لایەکی دیکەشەوە لە 1ـی 7ـی 2024ـەوە بڕی 28% لە مووچەی خانەنشینان دەبڕدرێت، بەڵام بەدواداچوونەکان دەریانخستووە ئەو پارەیە نە گەیشتووەتە بەغدا و نە لە سندوقی هەرێمدایە و بۆ گیرفانی نادیار دەڕوات.

پەیوەست بە دۆسیەی زەویوزاریش، ناوبراو ئاشکرای کرد لە کانی بای سلێمانی شوێنی چەندین پرۆژەی گشتی بە بەهای 280 ملیۆن دۆلار بە نایاسایی دراوەتە کەسێک، لە کەلاریش 2700 دۆنم زەوی دراوەتە گەنجێکی لەدایکبووی ساڵی 1992 لە کاتێکدا فەرمانبەران 200 مەتریان پێنادرێت، کە هەردوو دۆسیەکەیان داوەتە دەستەی نەزاهە و داواکاری گشتی.

هەروەها لە مەرزەکانی باشماخ، پەروێزخان و بازگەی 101 بۆ هەر تەنکەرێک 500 دۆلار و لە مەرزیش بۆ هەر تەنێک 50 دۆلار سەرانە وەردەگیرێت، و بە ناوی پشکنینی غاز و سیستەمی GPSـی پاسەکانیش مانگانە ملیاران دینار لە گیرفانی هاوڵاتییان دەردەهێنرێت.


PM:04:55:01/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت