بەغدا بەشە نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێم دەنێرێت

‌

وێستگەنیوز-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رێنمایی دا بە ناردنی بەشە نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی، ئەوەش هاوکات لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و زستاندا.


وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، باسم محەمەد خوزەیر وەزیری نەوت، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی راسپاردووە کە پەلە بکەن لە گرتنەبەری تەواوی رێکارە پێویستەکان بۆ ئامادەکردن و دابینکردنی پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان وەک پاڵپشتییەک بۆ هاوڵاتییان.

بڕیارە لەم هەفتەیەوە قۆناغی یەکەمی نەوتەکە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت لە کۆی ئەو 100 ملیۆن لیترەی کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بۆ هەرێمی دیاریکردووە، پرۆسەی دابەشکردنەکەش لە قۆناغی یەکەمدا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێدەکات کە بەهۆی سەرماوە خواستی زۆریان لەسەر سووتەمەنی هەیە.

سەبارەت بە نرخی نەوتەکە، وەزارەتی نەوتی عێراق یەک لیتر نەوتی سپی بە 150 دینار دەدات بە خێزانەکان، بەوەش نرخی بەرمیلێک نەوت (200 لیتر) تەنها 30 هەزار دینار لەسەر هاوڵاتییان دەکەوێت، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان 200 لیتر نەوت بە 100 بۆ 105 هەزار دینار بە هاوڵاتییان دەدرێت. پرۆسەی دابەشکردنی ئەو بەشە نەوتەش لە شارەکانی هەرێم بەپێی پسوولە و لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە بەڕێوەدەچێت.

ئەم بڕیارەی حکومەتی فیدراڵی هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوتی سپی لە بەغدا و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، کە تێیدا لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە لە قۆناغی یەکەمدا بڕی 100 لیتر نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر خێزانەکاندا دابەش دەکرێت.


PM:03:30:01/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو