کرێملین: پوتین ئامادەیە وەڵامی پەیوەندیی زێلینسکی بداتەوە
وێستگەنیوز-
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کە لەلایەن ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرایناوە ئەنجام بدرێت، هاوکات مۆسکۆ داوای بەڕێوەچوونی دانوستانی سێقۆڵی دەکات بە بەشداریی ئەمریکا.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی "ئینتەرفاکس"، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری کۆشکی کرێملین لە لێدوانێکدا لە وەڵامی پرسیارێکدا ئاشکرای کرد: "بڕوام وایە بە دڵنیاییەوە پوتین وەڵام دەداتەوە ئەگەر پەیوەندی لە زێلینسکییەوە پێبگات، چونکە پوتین هەرگیز ئەنجامدانی گفتوگۆی رەت نەکردووەتەوە و دەرگای دانوستانی دانەخستووە".
هەر لە لێدوانەکەیدا، ئەو بەرپرسەی کرێملین جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە گەڕی یەکەمی وتووێژەکان لەسەر دۆسیەی ئۆکراینا سێقۆڵی بێت و مۆسکۆ، واشنتۆن و کیێڤ تێیدا بەشداربن.
ئەم پەیامەی مۆسکۆ لە کاتێکدایە کە کۆشکی سپی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕکردووەتەوە، بەوپێیەی پێشتر دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو لە هەوڵدایە لە زووترین کاتدا کۆبوونەوەیەک لەنێوان هەردوولادا رێکبخات و چاوەڕوانی بەدیهاتنی پێشکەوتنی بەرچاو دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
لە لایەکی دیکەوە، ئەندرێ سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی پێویستی بە هەنگاوی کردارەکیی نوێیە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی، رونیشیکردەوە کە زێلینسکی داوای لە سەرکردەکانی نەرویج و فینلەندا کردووە پەیامێک بگەیەننە دەستی پوتین سەبارەت بە پێویستیی راگەیاندنی ئاگربەست و بەستنی لوتکەیەکی هاوبەشی نێوانیان.
PM:02:16:01/11/2026
ئهم بابهته 396
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت