عەبدوڵا ئۆجەلان گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نوێ لە ئیمراڵی
وێستگەنیوز-
عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دوورگەی ئیمراڵی گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نوێ کە بۆی دروستکراوە، هاوکات ئەندامێکی شاندی ئیمراڵی سەر بە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) هۆشداری دەدات لەوەی پرۆسەی ئاشتی تووشی راوەستان بووە و داوا دەکات حکومەتی تورکیا هەڵوێستە توندەکانی بگۆڕێت.
میدحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "میدیا خەبەر"، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنە نوێیەکەی، روونیکردەوە کە رەوتی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ماوەی 2 مانگی رابردوو لە چەقبەستووییدایە و چەندین وادە بۆ هەنگاوەکان دیاریکرابوون بەڵام وەک خۆیان جێبەجێ نەکراون.
سانجار ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەو هەنگاوانەی کە جوڵانەوەی کورد ناویەتی، دەبێت "لیژنەی ئاشتی و بەسیاسیکردن" راستەوخۆ سەردانی ئیمراڵی بکات تاوەکو لەگەڵ ئۆجەلان هەنگاوەکانی داهاتوو دیاری بکرێن، بەو پێیەی گرەنتیی سەرکەوتنی پرۆسەکە پێویستی بەوەیە خودی ئۆجەلان رێکخەری هەنگاوەکان بێت، دەشڵێت: "ئامانجی ئۆجەلان کۆکردنەوەی کوردە وەک ئەکتەرێکی سیاسی، هەروەها پرۆسەی چارەسەری بە پشتبەستن بە داواکاری و چاوەڕوانیی تاکلایەنە ناچێتە پێشەوە، بەڵکو دەبێت ئەنقەرەش دەستبەرداری هەڵوێستی رەق و نەگۆڕی خۆی ببێت و رێگری لە دروستکردنی کۆسپ بکات".
ئەندامەکەی شاندی ئیمراڵی ئەوەشی خستەڕوو کە هەنگاوی بنبەستشکێن و یەکلاکەرەوە لای عەبدوڵا ئۆجەلانە، بۆیە رازیبوونی بە چوونە ناو شوێنە نوێیەکەی لە ئیمراڵی، ئەوە دەسەلمێنێت کە پێویستە پرۆسەکە بە خێرایی ببرێتە پێشەوە نەک تووشی سستی و هێواشبوونەوە ببێتەوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە لە کۆتایی ساڵی 2024ـەوە و دوای دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، قۆناغێکی نوێی دیالۆگ دەستیپێکردووە و لە ساڵانی 2025 و 2026ـدا شاندەکانی دەم پارتی چەندین دیدار و گفتوگۆیان لە ئیمراڵی ئەنجامداوە. هاوکات لەم ماوەیەدا پەکەکە چەند هەنگاوێکی نیشان داوە لەوانە سووتاندنی چەک لەلایەن بەشێک لە گەریلاکان و پاشەکشەکردن لە ناوچەی مەتینا. سەرکردەکانی کەجەکەش، لە نێویاندا سۆزدار ئاڤێستا، رەخنەیان لەوە گرتبوو کە سەرەڕای کشانەوەیان، دەوڵەتی تورکیا زیاتر لە 20 رۆژە بێدەنگە و کۆمیسیۆنی چاودێریی دانەمەزراندووە. لە لایەکی دیکەشەوە، پەسەندکردنی "یاسای چوارچێوە" لە پەرلەمانی تورکیا لە هاوینی 2026دا بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ رێکخستنی پرۆسەی چەکدانان و دەستەبەرکردنی "مافی هیوا" بۆ ئۆجەلان دانرابوو.
سەبارەت بە دۆخی حەوانەوەی لە دوورگەکە، پێشتریش عومەر شێخ موس، سیاسەتمەداری دێرین و لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لەوە کردبوو کە رەوشی عەبدوڵا ئۆجەلان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و لە شوێنێکی شێوە ڤێلادا لە ئیمراڵی دەمێنێتەوە نەک زیندان، هەروەها چەندین جار بەرپرسانی باڵای پەکەکە و قەندیل سەردانیان کردووە و بینیویانە.
شایەنی باسە عەبدوڵا ئۆجەلان لە 15ی شوباتی ساڵی 1999 لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی نێودەوڵەتیدا لە کینیا دەستگیرکرا و رادەستی تورکیا کرایەوە، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا لە دوورگەی ئیمراڵی بەندکراوە.
AM:09:31:01/11/2026
ئهم بابهته 408
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت