کۆتاییهاتنی فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بە زیاتر لە نیو ملیۆن گەشتیار و ملیارێک و 820 ملیۆن دینار داهات

‌

وێستگەنیوز-

لە ماوەی چوار رۆژدا 502 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجەیان کرد و داهاتی فرۆشتن گەیشتە سەرووی ملیارێک و 820 ملیۆن دینار.

فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە یەکێکە لە گرنگترین و گەورەترین چالاکییە ساڵانەییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە وەرزی پێگەیشتنی هەناردا لە پارێزگای هەڵەبجە ساز دەکرێت، ئامانجی سەرەکیی ئەم فێستیڤاڵە بریتییە لە پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵ و باخەوانانی هەڵەبجە و هەورامان تا بەرهەمەکانیان راستەوخۆ لە بازاڕدا بفڕۆشن، هاوکات راکێشانی گەشتیاران لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان، عێراق و دەرەوە و نمایشکردنی کەلتوور و مۆسیقای رەسەن و بەرهەمە دەستییەکان.

دوای چوار رۆژ لە بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی، 12یەمین فێستیڤاڵی هەنار و بەروبوومی پاییزەی هەڵەبجە کۆتایی هات، کە تێیدا ژمارەیەکی پێوانەیی لە رووی سەردانیکاران و قەبارەی فرۆشتنی بەرهەمەکانەوە تۆمارکرا و بووە مایەی بوژاندنەوەیەکی گەورەی ئابووری و گەشتیاری لە ناوچەکەدا.

بەراوردی ئامارەکانی ئەمساڵ و ساڵی رابردوو:

بەپێی دواین ئامارە فەرمییەکان کە خراونەتەڕوو، جیاوازی و بەراوردی نێوان فێستیڤاڵی ئەمساڵ و ساڵی رابردوو بەم شوێنەی خوارەوەیە:

ژمارەی گەشتیاران و سەردانیکەران:

    • ئەمساڵ: لە ماوەی چوار رۆژدا، ژمارەی سەردانیکاران گەیشتە 502 هەزار گەشتیار.
    • ساڵی رابردوو: ژمارەی سەردانیکاران نزیکەی 419 هەزار و 700 گەشتیار بوو. ئەمەش نیشانەی زیادبوونی بەرچاوی رێژەی گەشتیارانە لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا.


داهات و قەبارەی فرۆشتنی بەرهەمەکان
:

    • ئەمساڵ: کۆی داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، هەنار، خواردن و پێداویستییەکان گەیشتە ملیارێک و 820 ملیۆن دینار.
    • ساڵی رابردوو: داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، هەنار، خواردن و پێداویستییەکان گەیشتە داهاتی فرۆشتن گەیشتبووە ملیارێک و 700 ملیۆن دینار، کە لە ئەمساڵیشدا سەرەڕای گۆڕانکارییەکان، ئاستێکی بەرزی دارایی و بازرگانی بۆ خاوەن باخەکان و کاسبکاران بەدەست هات.


هەلی کار
:

هەردوو فێستیڤاڵەکە رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە رەخساندنی هەلی کاری کاتی بۆ گەنجان و کاسبکارانی ناوچەکە، بە شێوەیەک کە ساڵانە لە ماوەی بەڕێوەچوونیدا لە نێوان هەزار و 500 بۆ هەزار و 800هەلی کار دابین دەکات.


PM:07:36:31/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت