لە نێوان گەیشتنی سەرما و گرانیی بازاڕدا؛ هاووڵاتییان چاوەڕوانی گەیشتنی نەوتن لە بەغداوە
وێستگەنیوز-
لە کاتێکدا وەرزی سارد و سەرما لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی
کوردستان دەستی پێ کردووە و هاووڵاتییان بۆ خۆگەرمکردنەوە پێویستییان بە نەوتی
سپییە، حکوومەتی عێراق هێشتا وەڵامی داواکارییەکانی هەرێمی نەداوەتەوە و هیچ
وادەیەکی فەرمی بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنەکە ڕەچاو نەکراوە، ئەمەش بارگرانیی
دارایی زۆری بۆ خێزانە کەمدرامەتەکان دروست کردووە.
بەپێی
داتا فەرمییەکان، هەرێمی کوردستان پێویستی بە 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە بۆ دابەشکردن بەسەر یەک ملیۆن و 250 هەزار خێزاندا، کە پشکی هەر خێزانێک 200 لیتر دەبێت.
سەرەڕای ئەوەی ساڵانە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە پرۆسەکە دەست پێ
دەکات، بەڵام سەلام عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بەتایبەت بە وێستگەنیوزی رایگەیاند،
لە ئێستادا نەوتی پێویست لەبەردەستدا نییە و چاوەڕێی گەیشتنی بڕی پێویست لەلایەن
حکوومەتی عێراقەوە دەکەن، چونکە ناردنی نەوت لە بەغداوە وەستاوە.
وتیشی، لە ئێستادا بڕی پێویستی نەوتیان لەبەردەستدا نییە و ناردنی نەوت لەلایەن بەغداوە نادیارە و هیچ زانیارییەکی فەرمیان لەبەردەستدا نییە لەبارەی ئەوەی کەی بەغدا نەوت دەنێرێت، بۆیە ئەوانیش بەرچاویان ڕوون نییە بۆ وادەی دەستپێکردن بە دابەشکردنی نەوتی سپی، هاوکات ئاماژەی بەوە دا، هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، بە دەستگەیشتنی سووتەمەنییەکە یەکسەر لە ناوچە شاخاوییەکانەوە پرۆسەی دابەشکردن دەست پێ دەکاتەوە.
دواکەوتنی
دابەشکردنی نەوتی حکومی وای کردووە هاووڵاتییان بۆ خۆگەرمکردنەوە روو لە بازاڕی
ئازاد بکەن، لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی (220 لیتر) لە بازاڕدا گەیشتووەتە (320) هەزار دینار، کە ئەمەش قورساییەکی گەورەی لەسەر شانی هاووڵاتییان
دروست کردووە.
ساڵانی
ڕابردوو، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە مانگی تشرینی یەکەمدا بڕیاری دابەشکردنی
ڕادەگەیاند و لە مانگی تشرینی دووەمدا بە نرخێکی پاڵپشتیکراو (104 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک) دابەش دەکرا،
تەنانەت لە ساڵی ڕابردوودا بە دوو قۆناغ (هەر جارە و 100 لیتر) دابەش کرابوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ، سەرەڕای ئەوەی بڕیارە
هاوشێوەی ساڵانی پێشوو سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەست پێ بکرێت، بەڵام بەهۆی
نەگەیشتنی بەشە نەوتەکە لە بەغداوە، پرۆسەکە دووچاری پەککەوتن بووەتەوە و
هاووڵاتییان چاوەڕێی بڕیار و هەنگاوی فەرمیی لایەنە پەیوەندیدارەکانن.
PM:06:28:31/10/2026
ئهم بابهته 308
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت