د. رێبوار کەریم بۆ وێستگەنیوز: کۆبوونەوەکانی هەرێم و بەغدا بۆ پرسی بودجە راگیراون
وێستگەنیوز- بابان عمر
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی بودجە راگیراون و شاندی هەرێم بڕیاریداوە نەچێتە هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکەوە، هۆشداریش دەدات کە ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، عێراق کارەکانی خۆی بەبێ هەرێم تەواو دەکات.
ئەمڕۆ شەممە د. رێبوار کەریم، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە وێستگەنیوزی راگەیاند: "کۆبوونەوەکان لەنێوان هەرێم و بەغدا راگیراون، هەرێمی کوردستان تا ئەم ساتە ناچێتە ژێر باری رێککەوتن لەگەڵ عێراقدا و بەرپرسانی هەرێم بڕیاریانداوە جارێ نەچن بۆ هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ بەغدا".
وتیشی: "حکومەتی هەرێم هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە، یاخود ئەوەتا دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا رێکبکەوێت، یانیش دەبێت خۆی پارەی هەبێت و بتوانێت مووچە و ژیانی خەڵک بەڕێوەببات کە ئەگەر ئەوەش بکات دەستخۆشی لێدەکەین، چونکە لە کۆتاییدا دەبێت هەردوو حکومەت بگەنە رێککەوتن".
سەبارەت بەوەی ئەگەر تا وادەی دیاریکراو بۆ پەسەندکردنی بودجەی 2027ی عێراق، هەولێر و بەغدا رێکنەکەون و عێراق بەبێ هەرێم بودجە تێپەڕێنێت، هەرێم دەکەوێتە کوێی هاوکێشەکەوە؟ د. رێبوار کەریم لە وەڵامی وێستگەنیوزدا رەخنەی توندی گرت و وتی: "با ئەوانەی لە ئەنجومەنی وەزیران وەزیرن و ئەوانەی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەکیل دەست ماچ دەکەن وەڵامی ئەمە بدەنەوە! ئەوانەی کە بۆ بوون بە وەزیر شەڕ دەکەن با نیوەی ئەو شەڕە بۆ مووچە و بودجە بکەن؛ ئێمە هیچ پێگەیەکی حکومیمان نییە، بەڵام بۆ نان و مووچەی خەڵک شەڕ دەکەین".
ناوبراو راشیگەیاند: "ئێمە وەکو رەوتی هەڵوێست پرۆژەی خۆمان لە چەند خاڵێکدا پێشکەشی حکومەت و وەزارەتی دارایی کردووە و داوامان کردووە مووچە و بودجە لە بەربەست و ململانێ سیاسییەکان جیا بکرێتەوە، خەڵک پەیوەندی بە ململانێی سیاسییەوە نییە و دەبێت کێشەکان بە رێگەی دەستووری و یاسایی چارەسەر بکرێن".
لە درێژەی لێدوانە تایبەتەکەیدا بۆ وێستگەنیوز، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاشکرای کرد: "میزان موراجەی 3% و هیچ بابەتێکی پەیوەندیدار بە بودجەی هەرێم نەگەیشتووەتە دەست بەغدا، تەنانەت کاتێک نوێنەری خانەنشینانی هەرێمم بردە بەغدا، بەڕێوەبەری خانەنشینانی عێراق بێئاگایی خۆی لەم لێبڕینە دەربڕی؛ لە یاسای عێراقدا لێبڕین لە مووچەی خانەنشین بوونی نییە، بۆیە نووسراوی فەرمیمان بۆ وەزیری دارایی و بانک کردووە تا لە لیژنەی دارایی ئامادە بن و روونیبکەنەوە ئەم پارەیە بۆ کوێ دەچێت".
PM:03:39:31/10/2026
ئهم بابهته 408
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت