نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان رووی لە دابەزین کرد

‌

وێستگەنیوز-

پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی حکومی بە نرخی پاڵپشتیکراو لە بەنزینخانەکان بەردەوامە و بەهۆی کەمبوونەوەی خواست و هاتنی "بەنزینی گەڕاوە"، نرخی بەنزینی بازرگانی لە بازاڕەکاندا زیاتر دابەزیوە.

ئەمڕۆ شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک لە بۆرسەی هەولێر بە وێستگەنیوزی راگەیاند: بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی خواست و بەردەستبوونی بڕی پێویست، ڕۆژانە نرخی بەنزین ڕوو لە دابەزین دەکات و چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا بگاتە 1,150 دینار.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا "بەنزینی گەڕاوە" لە بۆرسەکاندا هەیە کە لە سنووری مووسڵ و دەوروبەری بە هەرزانتر دەکڕدرێت و دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان و کاریگەریی بەرچاوی لەسەر دابەزینی نرخەکان دروستکردووە.

بەپێی بەدواداچوونەکان، نرخی سووتەمەنی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

پارێزگای هەولێر:

بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی: لە نێوان 1,150 بۆ 1,200 دینارە.

بەنزینی موحەسەن: بە 1,900 دینار دەفڕۆشرێت.

بەنزینی سوپەر: لە نێوان 2,100 بۆ 2,350 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

پارێزگای سلێمانی:

بەنزینی نۆرماڵ: یەک لیتر بە 1,150 دینارە.

بەنزینی موحەسەن: بە 1,560 دینارە.

بەنزینی سوپەر: بە 1,900 دینار دەفرۆشرێت.

پارێزگای دهۆک:

بەنزینی نۆرماڵ: یەک لیتر بە 1,375 دینارە.

بەنزینی موحەسەن: بە 1,900 دینارە.

بەنزینی سوپەر: بە 1,950 دینار دیاری کراوە.

(نرخی بەنزین بەپێی کواڵێتی لە بەنزینخانەیەک بۆ بەنزینخانەیەکی دیکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و لە هەندێک شوێن هەرزانترە).

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکەی بۆرسەی هەولێر ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سپی کرد و ڕایگەیاند: "ئێستا یەک بەرمیل نەوت لە بۆرسەی سووتەمەنی بە 320 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و بە کرێی گواستنەوەوە دەگاتە نزیکەی 340 هەزار دینار، بەڵام ئەگەر پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی حکومی دەستپێبکات، نرخەکەی لە بازاڕدا دادەبەزێت."

هاوکات نرخی غازی ئۆتۆمبێلیش (LPG) بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە؛ بە شێوەیەک لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخی یەک لیتر غاز لە 490 دینارەوە بۆ 525 دینار بەرزبووەتەوە.


PM:12:18:31/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت