فەرهاد شامی بۆ تۆم باراک: ئەندازیاری کۆمەڵکوژیی پێکهاتەکانی سوریایە

‌

وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەری پێشووی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، هێرشێکی توندی کردە سەر نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و عێراق و تۆمەتباری کرد بەوەی لە رێگەی "دیپلۆماسییەتی پیس و رەفتاری مافیاییەوە" یاری بە چارەنووسی پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە دەکات.


فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری پێشووی راگەیاندنی هەسەدە لە پەیامێکدا لە سەکۆی "ئێکس" رایگەیاند، تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و عێراق، "ئەندازیاری پشت ئەو کۆمەڵکوژییانەیە کە دەرهەق بە کورد، عەلەوی و دروزەکان ئەنجامدراون."

شامی ئاماژەی بەوەشکردووە، باراک نوێنەرایەتی جۆرێک لە دیپلۆماسییەتی پیس دەکات کە لەسەر بنەمای هەڕەشەکردن، رێککەوتنی گوماناوی و سەپاندنی فەرمانەکان بە زۆرەملی بونیادنراوە، جەختیشی کردووەتەوە کە "رەفتارە مافیاییەکانی ئەو لە ئیدارەدانی دۆسیەی سوریا و دەستکاریکردنی چارەنووسی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی وڵات، بۆ هەمیشە لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە بە شاراوەیی نامێنێتەوە."

بەڕێوەبەری پێشووی راگەیاندنی هەسەدە هۆشداریش دەدات و دەڵێت: "رۆژێک دێت راستییەکان دەربارەی رێککەوتنەکانی پشت پەردە، سروشتی رێککەوتنە نهێنییەکان و رۆڵی ئەو لە قوڵکردنەوەی ململانێکان و رژانی خوێن لە سوریادا بە تەواوی ئاشکرا دەبن."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، فەرهاد شامی روونیکردووەتەوە: "سورییەکان هەرچەندە زیاتر خۆیان لە کاریگەری و رەفتارە مافیاییەکانی ئەم پیاوە بەدووربگرن، ئەوەندە زیاتر هەنگاو بەرەو داهاتوویەکی ئارامتر و سەقامگیرتر دەنێن."


AM:10:41:31/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت