ئاسایشی هەرێم: تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی هاوڵاتییەک لە شارەزوور خۆی رادەستکرد

‌

وێستگەنیوز-

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی کوشتنی هاوڵاتی (ئارام محمد حمەساڵح) خۆی رادەست کردووە، دوای ئەوەی لە قەزای شارەزوور بە دەستڕێژی گوللە کوژرابوو.


بەپێی راگەیەندراوی دەزگای ئاسایش، دەستبەجێ پاش رووداوەکە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد ئەنجامدرا و لە کاتێکی کەمدا شوێنی خۆحەشاردانی تۆمەتبارەکە دەستنیشانکرا.

ئاسایش ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی بەدواداچوونەکان و دروستبوونی گوشاری هێزەکانیان، شەوی رابردوو تۆمەتبارەکە ناچاربووە خۆی رادەستی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەڵەبجە بکات.

هەر لە چوارچێوەی ئەم رێکارانەدا، هێزەکانی ئاسایش دەستیان بەسەر ئەو ئۆتۆمبێل و دەمانچەیەدا گرت کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا بەکارهێنرابوون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە یاساییەکان لەگەڵیدا بەردەوامن بۆ زانینی هۆکار و پاڵنەرەکانی پشت ئەنجامدانی تاوانەکە.


AM:10:27:31/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت