ناتانیاهۆ بەشداریپێکردنی پارتە عەرەبییەکان لە حکومەتی نوێدا قەدەغە دەکات

‌

وێستگەنیوز-

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیدەکاتەوە کە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ پارتە عەرەبییەکان حکومەتی نوێ پێکناهێنێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ سەرکەوتنی پارتە عەرەبییەکان لە بەدەستهێنانی 19 کورسی و دروستبوونی چەقبەستووییەکی سیاسیی گەورە لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کەنێسێت.


ناتانیاهۆ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لێدوانی ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییە عەرەبەکانی بڵاوکردەوە، لەوانە (ئەحمەد تیبی، مەنسوور عەباس، ئەیمەن عۆدە، ئیمان خەتیب-یاسین، سامی ئەبو شەحادە، عۆفەر کاسیف و یووسف جەبارین) کە تێیدا پشتیوانی لە پرسی فەلەستین دەکەن؛ ناتانیاهۆ لەسەر گرتە ڤیدیۆییەکە نوسیویەتی: "پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ ئەواندا قەدەغەیە" و بەم شێوەیە دەرگای هەر هاوپەیمانێتییەکی لەگەڵیاندا داخست.

بەگوێرەی ئەنجامە فەرمییەکان، بلۆکە راستڕەوەکەی ناتانیاهۆ لە کۆی 120 کورسیی پەرلەمان، تەنیا 53 کورسیی مسۆگەر کردووە (پارتی لیکود 27 کورسی)، لە کاتێکدا بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە سەرکردایەتیی گادی ئایزنکۆت 48 کورسیی بەدەستهێناوە. گرووپی پارتە عەرەبییەکان (رەعەم و لیستی هاوبەش) 19 کورسییان بەدەستهێناوە، بەڵام هیچکام لە دوو بەرە سەرەکییەکە نەیانتوانیوە بگەنە 61 کورسی کە مەرجی پێویستە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.

پێش راگەیاندنی ئەنجامەکان، ناتانیاهۆ و پارتی لیکود پارتە عەرەبییەکانیان تۆمەتبار کرد بەوەی بە هاوکاریی دارایی قەتەر هەڵبژاردنەکەیان "دزیوە" و ناویان نا "شەرمەزاریی رەعەم-گەیت"، لە بەرانبەردا مەنسوور عەباس، سەرۆکی رەعەم هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەوە، قەتەریش قسەکانی ناتانیاهۆی بە "پێکەنیناوی و مەترسیدار" ناوبرد، هاوکات کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دوای راوێژ لەگەڵ دەزگای ئاسایشی "شین بێت" رایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی باس لە پێشێلکاریی سیستماتیک دەکەن بێ بنەمان و ئەنجامەکان دەستکاری ناکرێن.

لە لایەکی دیکەوە، یائیر لاپید، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتنی بەرەی دژە ناتانیاهۆی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە رێژەی بەشداری 77.7% بووە و بەرزترین رێژەیە لە دوای ساڵی 1999ـەوە. لاپید وتیشی لە نێو 53 کورسییەکەی ناتانیاهۆدا 13 کورسییان پارتە توندڕەوەکانن و تەنیا 40 کورسیی بۆ سەرۆک وەزیران ماوەتەوە، بۆیە "هیچ شوێنێکی نییە حکومەتی لێ دروست بکات".

بڕیارە پەرلەمانی نوێ لە 10ی تشرینی دووەمدا سوێندی یاسایی بخوات، پاشان ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل بەربژێرێک بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێت، ئەگەر هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت سەرکەوتوو نەبن، ئیسرائیل لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا دەچێتە ناو هەڵبژاردنێکی نوێ.


PM:07:41:30/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت