هەوڵە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران چڕتر دەبنەوە

‌

وێستگەنیوز-


ئەمڕۆ هەینی، پێشهاتەکانی ئاڵۆزیی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامییان هەبوو؛ لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان و نێوەندگیرییەکان بۆ ڕێگری لە فراوانبوونی جەنگ بەردەوامن، ئەمریکا هاوپەیمانە هەرێمییەکانی لە ئامادەکارییەکان بۆ هێرشی سەربازیی نوێ و چەند ڕۆژە بۆ سەر ئێران ئاگادار کردووەتەوە.

رۆژنامەی (واشنتن پوست) ئاشکرای کرد، کۆشکی سپی، موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە (گەورەترین هیوای) گەیشتن بە رێککەوتن دەبینێت، لەم چوارچێوەیەدا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی خۆی بۆ دیداری ڕاستەوخۆ دەربڕیوە، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە و جەختی لە پێویستیی ناردنی نوێنەری بەدەسەڵات لەلایەن تارانەوە بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان کردووەتەوە،هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانەدا، هەوڵەکانی نێوەندگیرە قەتەرییەکان بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بەردەوامی هەیە و ئەمڕۆ دەگەن تاران.

لە بەرامبەردا، لایەنی سەربازیی ئەمریکا هەنگاوی چڕتر دەنێت، رۆژنامەی (ووڵ ستریت جۆرنال) بڵاوی کردەوە، براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، بژاردە و پلانەکانی هێرشی ئەگەریی خستووەتە بەردەم سەرۆک و بەرپرسانی باڵای بەرگری، ئەندامانی دیپلۆماسیی ئەمریکیش بە ئاژانسی (ئەسۆشیەیتد پرێس)یان راگەیاندووە، هاوپەیمانە هەرێمییەکان ئاگادارکراونەتەوە لەوەی رەنگە هێرشە نوێیەکەیان بۆ سەر ئێران چەند رۆژێک بخایەنێت.

ئەم جووڵانە دوای ئەوە دێن کە ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) ئاشکرای کردبوو، واشنتن و تەلئەبیب خۆیان بۆ ئەگەری هێرشێکی یەک هەفتەیی چڕ ئامادە دەکەن لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، لە بەرامبەردا، تاران هۆشداری داوە لە ئاسەوارە ئابوورییە وێرانکەرەکانی هەر هێرشێک و رایگەیاند، گفتوگۆ لەسەر پێشنیازەکەیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کرانەوەی گەرووی هورمز دەکەن.


AM:10:44:30/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت