تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی: پەڕاوی کەیسەکە 989 لاپەڕەیە و دەرفەتی خوێندنەوەی تەواوەتیمان نەبووە

‌

وێستگەنیوز-

بڕیاری دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی رووداوەکەی لالەزار، کە بڕیاربوو بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بەڕێوەبچێت، بۆ کاتێکی دیکە دواخرا و بڕیارە ئەمڕۆ وادەیەکی نوێ بۆ دانیشتنەکە دەستنیشان بکرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2026، دانا تەقیەدین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی روونیکردەوە، لەبەر ئەوەی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکە نەهێنرابوونە نێو هۆڵی دادگا، دادوەر بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ کاتێکی دیکە دوابخات.

سەبارەت بە هۆکارەکانی دیکەی دواخستنی دادگاییەکە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی کەیسەکە زۆر قەبارە گەورەیە و لە 989 لاپەڕە پێکدێت، بە جۆرێک تیمی پارێزەران بە تەواوەتی دەرفەتی خوێندنەوەی هەموو پەڕاوەکەیان نەبووە؛ هەروەها وەک تیمی پارێزەران داوایان کردووە ئەو کەسانەی راگیراون بگوازرێنەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گرتن و گواستنەوە نەک لە زیندانی ئاسایشدا بهێڵرێنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمییان لەو بارەیەوە وەرنەگرتووە.

وتەبێژی تیمی پارێزەران ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆی 22 کەس کە لەسەر ئەم کەیسە و بەپێی ماددەی 406 راگیراون، لە ئێستادا 20 کەسیان لە زیندانی ئاسایشدا ماونەتەوە، هاوکات بە وتەی کەسوکارەکانیان، بارودۆخی تەندروستی و دەروونیی بەشێکیان لە دۆخێکی جێگیردا نییە.

ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی یەکێکە لە ماددە قورسەکان و تایبەتە بە تاوانەکانی کوشتنی بەئەنقەست، کە لە ئێستادا لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار بەپێی ئەم ماددەیە رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.


AM:11:36:28/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت