محەمەد حاجی مەحمود بۆ د. مەحمود عوسمان: پارتی و یەکێتی و حزبەکانی دیکەش پارەیان لە وەزارەتی دارایی بەعس وەرگرتووە

‌

وێستگەنیوز-

محەمەد حاجی مەحمود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان وەڵامی لێدوان و بیرەوەرییەکانی د. مەحمود عوسمان دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، وەرگرتنی پارە لە حکومەتی عێراق تەنها پەیوەندی بە حزبی سۆسیالیستەوە نەبووە، بەڵکو تەواوی لایەنەکانی وەک پارتی، یەکێتی و پارتی گەلیش لە وەزارەتی دارایی عێراق پارەیان وەرگرتووە.


سەبارەت بە لێدوانەکانی د. مەحمود عوسمان کە ئاماژەی بە وەرگرتنی پارە لەلایەن ناوبراوەوە لە عەلی حەسەن مەجید کردبوو، محەمەد حاجی مەحمود وتی: "نامەوێت لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەم، چونکە 25 ساڵ لەمەوبەر باسم کردووە؛ لەو سەردەمەدا دوو شاند چوونە بەغدا، شاندی یەکەم بە سەرۆکایەتیی مام جەلال بوو کە کاک رەسوڵ مەمه‌ند نوێنەرایەتیی حزبی سۆسیالیستی تێدا دەکرد، شاندی دووەمیش بە سەرۆکایەتیی کاک مەسعود بارزانی بوو کە د. مەحمود عوسمان نوێنەری سۆسیالیست بوو تێیدا".

ناوبراو روونیکردەوە کە هەردوو شاندەکە بۆ ماوەی 42 رۆژ (کۆی گشتی 84 رۆژ) لە بەغدا مانەوە، لەو کاتەشدا هێزەکانی ئەمریکا و (ئێم سی سی) هاتنە کوردستان و سەرجەم لایەنەکان لە دانوستاندا بوون و بابەتەکە لەو چوارچێوەیەدا بووە.

محەمەد حاجی مەحمود سەبارەت بە سەرچاوەی پارەکان جەختی کردەوە: "هەموو حزبەکان لەو کاتەی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بوو پارەیان لە عێراق وەرگرتووە، راستە هەر لایەنە و بە شێوازێک وەریگرتووە، بەڵام سەرجەمیان لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بووە؛ تەنانەت حزبی سۆسیالیست کە د. مەحمود عوسمان خۆی سەرۆکی شاند بووە لەگەڵ کاک عەدنان موفتی و مامۆستا سەعد پارەیان لە عێراق وەرگرتووە".

سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکرات ئەوەشی خستەڕوو کە باسکردنی ئەم پرسە بە تەنها لەسەر حزبی سۆسیالیست، پەیوەندی بە خودی د. مەحمود عوسمانەوە هەیە و "رەنگە لە دژی مێژووی خۆی بێت".

ئەم وەڵامدانەوەیەی محەمەد حاجی مەحمود لە کاتێکدایە، پێشتر د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری دیاری کورد لە بەشێک لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا ئاماژەی پێداوە و وێستگەنیوز بڵاویکردەوە، کە لە ساڵی 1993دا گلەیی لە محەمەد حاجی مەحمود کردووە لەسەر ئەوەی بۆ بەستنی پلینیۆم بڕی 3 ملیۆن دیناری سویسری لە عەلی حەسەن مەجید (کیمیایی) وەرگرتووە و پێی وتووە "لە ژێر دارێکدا پلینیۆمتان بکردایە باشتر نەبوو لەوەی خۆتان تووشی پارەی عەلی حەسەن مەجید بکەن"، ئاماژەی بەوەش کردبوو کە لەو کاتەدا وەڵامەکەی کاکە حەمە لاواز بووە.


AM:10:32:28/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت