سەباح نوعمان: تێکەڵبوونی هێزە کوردییەکانی شنگال لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق پاساوەکانی تورکیا پووچەڵ دەکاتەوە
وێستگەنیوز-
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە فەرمی تێکەڵبوونی هێزە کوردییەکانی شنگالی لەناو هێزە ئەمنییەکانی وڵاتدا راگەیاند و جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە سەرجەم پاساوەکانی تورکیا بۆ بوونی سەربازی لە خاکی عێراقدا لەناودەبات.
لە لێدوانێکدا، سەباح نوعمان ئاشکرای کرد، هەریەک لە "یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال" و "یەکینەکانی پاراستنی ژنان" لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتدا تێکەڵ بوون، ئەمەش دەستکەوتێکی ئەمنیی گەورەیە و لە دوای خۆیدا پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان دەستپێدەکات، بەتایبەت کە پارێزگاری نەینەوا بەڵێنی داوە گرنگی و تایبەتمەندی بە دۆسیەی شنگال بدات.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەنقەرە لە ناوچەکە، نوعمان وتی: "تورکەکان پاساویان بە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەهێنایەوە، بەڵام ئەمڕۆ دەوڵەت رێگری لە بوونی هەر چەکێک دەکات لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمی، و بڕیاری جەنگ تەنها لە دەستی دامەزراوە دەستوورییەکاندا دەبێت، ئەمەش رێگە لە هەموو ئەوانە دەگرێت کە پاساو بە نەتوانینی بەغدا لە کۆنترۆڵکردنی چەک دەهێننەوە و راستەوخۆ دەچێتە خزمەت هەوڵەکانی حکومەت بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی تورکیا".
وتەبێژی فەرماندەی گشتی روونیشیکردەوە کە ئەم هەنگاوە تەواوکەری پرۆژەی حکومەتە بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، کە وادەکەی لە 30ی حوزەیرانی داهاتوو کۆتایی دێت، باسی لەوەش کرد لە ماوەی رابردوودا 3 لایەنی دیکە چەکەکانیان رادەست کردووە و چەکدارەکانیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا تێکەڵ کراون، بە ئامانجی سفرکردنەوەی تەواوەتیی کێشەکان.
AM:11:55:27/10/2026
ئهم بابهته 256
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت