میدیای پارتی: ئەمڕۆ 4 بۆ 5 هەزار چەکداری یەبەشە دەخرێنە سەر دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق

‌

وێستگەنیوز-

بەپێی زانیارییەکانی میدیای پارتی، لە چیای شنگال پرۆسەی تێکەڵکردنی چەکدارانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) بە دامەزراوە ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق دەستیپێکردووە و 4 بۆ 5 هەزار چەکدار دەبنە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شنگال بە میدیای پارتی راگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2026، بڕیارە لە چیای شنگال رێوڕەسمێکی تایبەت بە مەبەستی تێکەڵکردنی چەکدارەکانی یەبەشە بە دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق بەڕێوەبچێت، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی عێراق و فەرماندەکانی یەبەشە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کردووە، پرۆسەکە بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت، ئەو چەکدارانەی دەبنە بەشێک لە دامەزراوە فیدراڵییەکان، هەر لە شنگال و بە ناوی پاراستنی ناوچەکەوە دەمێننەوە. ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی عەلی زەیدی دێت بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی حکومەتدا.

پێشتر هادی ئەلیاس، وتەبێژی هێزەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) ئاشکرای کردبوو، لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازیی حکومەتی عێراق دەستپێکردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بە مەبەستی رێکخستن و چوونە ناو سیستەمی بەرگریی وڵات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دابوو کە درێژەکێشانی پرۆسەکە بەهۆی پەیوەستبوونیەتی بە پرسی داهاتووی کۆمەڵگە، جوگرافیا، مافی ژنان و دەزگا ئەمنییەکان، هاوکات هیوای خواستبوو لە داهاتوویەکی نزیکدا پرۆسەکە لە خزمەت سەقامگیری و سەروەریی عێراق و ئێزیدییەکاندا سەرکەوتوو بێت.

یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)، هێزێکی چەکداری ئێزیدییەکانە و لە ساڵی 2014 لە دوای هێرشەکانی داعش و کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان پێکهێنرا.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2020، هەولێر و بەغدا رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالیان واژۆ کرد و تێیدا جەخت لەسەر دەرکردنی هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت و نزیک لە پەکەکە کرابووەوە، هاوکات بڕیاری ئەم دواییەی عێراق بۆ قەدەخەکردنی پەکەکە، وای لە یەبەشە کردووە هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە تا بە گفتوگۆ و بە شێوازێکی فەرمی بچێتە ناو دامەزراوە ئەمنییەکانی حکومەت و لە هەڕەشەکان پارێزراو بێت.


AM:08:51:26/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت